سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ئەمەریکا بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا، لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەپاندنی سزای نوێیان ڕاگەیاند بەسەر کۆریای باکووردا وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ چالاکییە موشەکییەکانی پیۆنگیانگ.
سەرۆک ترامپ وتی " ئێمە بەتەواوەتی ئامادەین بۆ بژاردەی دووەم، ویستمان لەو بژاردەیەش نیە، بەڵام ئەگەر ئەو بژاردەیە هەڵبژێرین ئەوا ڕووخێنەر دەبێت، ڕووخێنەر دەبێت بۆ کۆریای باکوور. ئەوە بژاردەی سەربازییە، ئەگەر ناچار بین ئەوا هەڵیدەبژێرین."
لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسپانیا ماریانۆ ڕاخۆی لە کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ وتی چیتر نابێت کۆریای باکوور ڕێگەی پێبدرێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات بەوەی کە بیر لە دەرەنجامی هەڕەشەکانی بکاتەوە.
سوپاسی وڵاتانی وەکو ئیسپانیا و چینی کرد کە هەنگاویان ناوە بۆ گۆشەگیرکردنی ڕژێمی کۆریای باکوور.
سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی وتی " هەموو وڵاتان دەبێت ئێستا کار بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی ڕژێمەکە چەکی ناوەکیی نەبێت."
لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی پیۆنگیانگ، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە سزای نوێی سەپاند بەسەر هەشت بانک و 26 جێبەجێکاری بانکەکانی کۆریای باکووردا.
سەرۆک ترامپ وتیشی " لەمدواییانەدا سزای نوێم سەپاندووە بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا کە مامەڵەی کار لەگەڵ ئەم ڕژێمە لە یاسا دەرچووەدا دەکەن و سوپاسی چینم کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی لەمدواییانەدا ناویەتی بۆ قەدەغەکردنی بازرگانی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باکووردا."
سەرچاوە/ VOA