گفتوگۆکانی نێوان دوو کۆریاکە پێشوازییان لێکرا

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازییان لە گفتوگۆکانی نێوان کۆریای باشوور و کۆریای باکوور کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان، بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆشیاری ئەوە دەدەن کە لەوانەیە کۆریای باکوور ئەم گفتوگۆیانە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کاتی زیاتری دەستبکەوێت بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی.

لە ماوەی یەکەم گفتوگۆیاندا دوای زیاتر لە دوو ساڵ، پیۆنگیانگ و سیئۆل ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی گفتوگۆی سەربازیی ئەنجام دەبن لە داهاتوودا، هەروەها کۆریای باکوور ڕازی بوو شاندێک بنێرێت بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە کە وابڕیارە مانگی داهاتوو لە پیۆنگچانگ ئەنجام بدرێت.

ڕێکەوتنەکان لە پانمونجۆن ئەنجام دران کە هێڵێکە لەنێوان دوو کۆریاکەدا و ئاماژەیەکە بۆ کەمکردنەوە گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کە بەهۆی بەرنامە ناوەکی و موشەکیەکەی کۆریای باکوورەوە دروست بوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە گفتوگۆکان وتی " ئەمەریکا پێشوازیی لە گفتوگۆکانی نێوان کۆماری کۆریا و کۆریای باکوور دەکات کە ئامانج لێی پارێزراوی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەیە لە پیۆنگچانگ."

هەروەها وتیشی " ئەمەریکا لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باشووردا پەیوەندی هەیە بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی بەشداریکردنی کۆریای باکوور لە ئۆڵۆمپیادی زستانەدا نەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەپێندراون بەسەر کۆریای باکووردا بەهۆی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەیەوە."

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا شاندێکی ئاست بەرز دەنێرێت بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد، بەشداربوونی کۆریای باکوور هەلێکە بۆ ئەوەی نرخی کۆتایی هێنان بە گۆشەگیرکردنەکەی بزانێت کە ئەوەش بەهۆی وازهێنان لە بەرنامە ناوەکییەکەیەوە دەبێت."

لەمیانەی گفتوگۆکاندا هەردوو کۆریاکە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی هێڵەکانی پەیوەنیی لەشکری نێوانیان بخەنەوە کار.

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکا ستیفان دوجاریک لە بەیاننامەیەکدا وتی " خستنەوە کاری ئەو جۆرە هێڵانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ترس یاخوود هەڵە لەیەک تێگەیشتن و هەروەها کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."

وتیشی " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس هیوادارە ئەم گفتوگۆ و هەوڵانە ببنە هۆی ئەوەی ڕێگایەک بکەنەوە بۆ ئاشتی و ئەوەش کە چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا نەمێنێت."

بەڵام ڕوون نیە کە ئەم گفتوگۆیان دەبنە هۆی گۆڕانکارییەکی باش لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو کۆریاکەدا یاخوود نا.

سەرچاوە/ VOA