تاڵیبان وتی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاددا لە قەتەڕ کۆبوونەتەوە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی هەڕەشەی کشانەوەی کرد لە دانوستانەکانی ئاشتی ئەفغانستان و چەند کاتژمێرێکیش دوای کوشتنی زیاتر لە 100 ئەندامانی ئاسایشی ئەفغانستان.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " دانوستانەکان لەنێوان ڕابەرانی تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکادا لە قەتەڕ دەستی پێکرد."
سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانەوە وتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لەگەڵ خەلیلزادا لە دەوحە کۆدەبنەوە.
جێی ئاماژەیە تاڵیبان هەڕەشەی کشانەوەی کرد لە دانوستانەکانی ئاشتی و ڕەتی کردەوە حکومەتی ئەفغانستان بەشداری بکات لە دانوستانەکاندا و بە بوکەڵە ئەو حکومەتەی ناودێر کرد، ئەمەریکاش ڕازی نەبوو بەو بڕیارەی تاڵیبان و ئەوەش بووە هۆی سڕبوونی دانوستانەکانی نێوانیان.
هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشێکی تاڵیباندا لە هەرێمی مەیدان وەردەک لە ناوەڕاستی ئەفغانستان زیاتر لە 100 ئەندامی ئاسایشی ئەفغانستان کوژران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز