تاڵیبان دەڵێت نزیکبۆتەوە لە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

زەڵمای خەلیلزاد

تاڵیبان وتی نزیک دەبێتەوە لە ڕێکەوتێک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لەبەرامبەر ئەوەشدا تاڵیبان بەڵێن بدات ئەفغانستان نەکاتە پەناگەی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە بەرپرسانی ئەمەریکی و تاڵیبان لە وتوێژی بەردەوامدان سەبارەت بە چۆنێتی کۆتای هێنان بە جەنگی 18 ساڵەی ئەفغانستان. هەفتەی ڕابردووش نۆهەمین خولی دانوستانەکانی نێوانیان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستی پێکرد.

وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی تاڵیبان لە دەوحە سوهەیل شاهین وتی " هیوادارین بەمزووانە هەواڵی خۆشمان پێبێت بۆ دەوڵەتە ئیسلامییەکەمان کە هەوڵی سەربەخۆیی دەدات."

دوو سەرچاوەی نزیک لە دانوستانەکانەوە وتیان وابڕیارە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد کە ڕابەرایەتی دانوستانەکان دەکات بگاتە کابوڵ تاوەکو ڕێکەوتنەکە بە سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی ڕابگەیەنێت.

بەرپرسێکی باڵای ئاسایش لە کابوڵ وتی تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکی ڕێکەوتوون لەسەر ماوەیەکی دیاریکراو لە نێوان 14 بۆ 24 مانگدا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا.

وتیشی حکومەتی ئەفغانستان پێش ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکە چاوی بە وردەکارییەکان دەکەوێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز