سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەدا بەڵێن دەدات هێزی شەڕکردنی دوورگەکە پتەوتر بکات و سوورە لەسەر پەرەپێدان بە بەرگرییەکانی تایوان، لە کاتێکدا کە گرژییەکان لەگەڵ چین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە.
تایوانی دیموکراتخواز کە چین بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، ڕووبەڕووی زیادبوونی فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی چین بۆتەوە، بە تایبەتی دوای مەشقە سەربازییەکانی چین دوای سەردانەکەی مانگی هەشتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزی وت سەرۆکی تایوان لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەدا باس لە " پەرەپێدانی هێزی شەڕکردنی بەرگری تایوان و یەکخستنی مۆڕاڵی گەلی تایوان دەکات."
سەرچاوەکە وتی " لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لە سووربوونی تایوان دەکاتەوە بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی و پێگەی دوورگەکە لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەدا، سەرۆک باس لەو هەوڵانەش دەکات کە بۆ پتەوکردنی هێزی بەرگری نیشتیمانی دەدرێن."
جێی ئاماژەیە تسای سەرپەرشتی پڕۆگرامی نوێکردنەوەی سوپای تایوان دەکات و لە نێوەندی زیادبوونی فشارەکانی چیندا خەرجی بەرگری دوورگەکەی زیاد کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز