بە بۆردومانی فڕۆکەکانی حکومەتی ئەسەد 13 کەس لە شارێـکی باکوری سوریا دەکوژرێن

چالاکوانان لە سوریا دەڵێن لە ئاکامی بۆردومانکردنی فڕۆکەکانی حکومەت بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسـتی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب بە لایەنی کەم 13 کەس کوژراون کە منداڵێـک و 6 ژن لە نێویاندان.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا، ئەوەی پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو وڵاتدا هەیە، دەڵێت هەلیکۆپتەرەکانی حکومەت بۆمبی بەرمیلیــیان بەسەر چەند شوێنێـکی شاری ئەلباب بەرداوەتەوە، لەوانە بازاڕێـکی تایبەت بە فرۆشتنی سووتەمەنی و ئەو قوربانیـیانەیان لێ کەوتوونەتەوە.

کۆمەڵەکە دەشڵێت زیاتر لە 40 کەسیش برینداربوون و هێشـتا 10 کەسیش بێ سەروشوێنن.

هەروەها کۆمیتەکانی هەماهەنگی خۆجێی ئەوانیش هێرشەکەیان پشـتڕاستکردەوە و دەڵێن لە یەکێـک لە شوێنەکان تەرمەکان بە تەواوی سووتاون.

ڕۆژی شەممەش بەهۆی هێرشە ئاسمانیـیەکانی حکومەت بۆ سەر ئەو شارە 34 کەس کوژران کە زۆربەیان سیڤیل بوون. سێ لە کوژراوەکانیش منداڵ بوون.