سێ ئەندامی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوری سوریا تووشی کۆرۆنا بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند وتووێژەکانی کە لە جنێڤ بەڕێوەدەچن سەبارەت بە دانانی دەستوری نوێ بۆ سوریا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگیران بەهۆی تووشبوونی 3 ئەندامی بەشداربووی وتووێژەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

گێر پـیدەرسن، نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا گوتی وتووێژەکان ڕاگیران پاش ئەوەی پـشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیشانیان داوە 3 ئەندامی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستور تووشی نەخۆشیـیەکە بوون. بەڵام نەیگوت ئەو 3 ئەندامە کێن یان لە چ لایەنێکن.

کۆمیتەکە لە 45 ئەندام پـێکهاتووە. حکومەتی سوریا و ئۆپـۆزسیۆن و کۆمەڵی مەدەنی تیایدا هەریەکەیان 15 ئەندامیان هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی هەموو ئەندامانی کۆمیتەکە بەر لەوەی بەرەو جنێڤ بەڕێبکەون پشکنینیان بۆ کرابوو و دواتریش کە گەیشتوون پشکنینێکی دیکەیان بۆ کراوە.

هەرچەندە لە ئۆفیسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕێنمایـیەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا بە توندی جێبەجێ دەکرێن، وەکو بەستنی ماسک و دور وەستان لە یەک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاریان داوە ڕێوشوێنی پـێوست بگرنەبەر لەگەڵ ئەوانەی لەو سێ کەسە نزیکبوونەتەوە.