وەزیری بەرگری سوریا دەڵێت کراوەن بە ڕووی گفتوگۆدا لەگەڵ کورد بەڵام ئامادەشن بۆ بەکارهێنانی هێز

مورهەف ئەبو قەسرە

وەزیری بەرگری سوریا ڕۆژی چوارشەممە،22ی مانگی یەک ڕایگەیاند دیمەشق کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆدا لەگەڵ هێزە کوردییەکان سەبارەت بە یەکخستنەوەیان لەگەڵ سوپای نیشتیمانیدا، بەڵام ئامادەشن بۆ بەکارهێنانی هێز ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن.

مورهەف ئەبو قەسرە وتی " دەرگای گفتوگۆکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا لە ئێستادا کراوەیە، بەڵام ئەگەر ناچار بین هێز بەکاربهێنین ئەوا ئامادەین ئەوە بکەین."

مانگی ڕابردوو بەرپرسێک بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت کە شاندەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرکردەی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرعدا کۆبوونەتەوە.

شەرع بە کەناڵی ئەلعەرەبییەی وت کە هێزە کوردییەکان دەبێت بخرێنەوە سەر سوپای نوێی نیشتیمانی سوریا بۆ ئەوەی چەکەکان " بە تەنها لە ژێر دەستی دەوڵەتدا بن."

چەند رۆژی پێش ئیستا سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی رایگەیاند کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانییان بەڕێوبەرایەتییەکی لامەرکەزییە، هەفتەی ڕابردوو لە چاوپێککەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی سعودیەدا وتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کراوەن بە ڕووی ئەوەدا بخرێنەسەر وەزارەتی بەرگری سوریا وەکو " کوتلەیەکی سەربازیی " و بەبێ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە.

بەڵام ئەبو قەسرە ئەو داواکارییەی ڕەت کردەوە و وتی " ئێمە دەڵێن ئەوان بێنە ناو وەزارەتی بەرگرییەوە لە نێو هەڕەمی وەزارەتی بەرگریدا و بە شێوازێکی سەربازیی دابەش بکرێن، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە."

وتیشی " بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکو کوتلەیەکی سەربازیی بمێننەوە لە نێو وەزارەتی بەرگریدا، گونجاو نیە."

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا و شکستهێنان بەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە سوریادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس