بەرپرسێکی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پەکەکە بە مەرجێک ڕازی دەبێت بۆ جێهێشتنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی هاوپەیمانی ئەمەریکا ڕۆڵە گرنگە سەرکردایەتییەکەیان لە ناوچەکەدا بمێنێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر، بەرپرسەکەی ئۆفیسی سیاسیی پەکەکە ڕایگەیاندووە " هەر دەستپێشخەرییەک ببێتە هۆی ئەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە بەڕێوەببرێت، یاخود ڕۆڵە گرنگە سەرکردایەتییە هاوبەشەکەیان بمێنێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە ڕازی ببین بە جێهێشتنی ناوچەکە."
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا ئاماژە بە ناسنامەی ئەم بەرپرسەی پەکەکە نەکراوە.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا. لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیشەوە تورکیا هەڕەشەی لە ناوبردنی هێزەکانی یەپەگەی کردووە کە بەشێکە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و تورکیا دەڵێت سەر بە پەکەکەن.
ئەنکەرە وتوویەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە و ئەندامانی پەکەکەش لە سوریا دەربکرێن ئەگەر نا ئەوا هێرش دەکات.
ئەمەریکا داوای " گواستنەوەیەکی بەڕێوەبراوی " کردووە بۆ کوردە هاوپەیمانەکانی و فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش وتوویەتی ئەندامانی پەکەکە سوریا جێدەهێڵن ئەگەر تورکیا بە ئاگربەست ڕازی ببێت.
بەرپرسەکەی پەکەکە وتی ئەگەر پەکەکە لە سوریا نەمێنێت ئەوا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە دوورەوە و دژی هێزەکانی تورکیا دەجوڵێت ئەگەر پێویست بکات.
بەرپرسەکە وتی " داهاتووی سوریا لە دوای بیستی ئەم مانگەوە دیاری دەکرێت، هەر کە ترامپ دەسەڵات دەگرێتەدەست." دانۆڵد ترامپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە 20 ی ئەم مانگەدا سوێندی یاسایی دەخوات و وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز