خه‌باتکارانی مافه‌کانی مرۆڤی سوریا ده‌ڵێن یه‌که‌کانی له‌شکر به ناو دیمه‌شقی پایته‌ختدا گه‌ڕاون و ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکیان ده‌ستگیر کردووه.
کۆمه‌ڵه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌ڵێن دره‌نگانی شه‌ممه خه‌ڵکه‌که ده‌ستگیرکران. ئاژانسی دهنگوباسی فه‌ڕه‌نسا له زاری خه‌باتکاران ڕایگه‌یاند که گوتویانه هێزه‌کانی حکومه‌ت به‌ربه‌ستیان دانابوو له سه‌ر ئه‌و ڕێگایانه‌ی به‌ره‌و ناوچه‌ی قابون ده‌ڕۆن و به چه‌کی ئۆتۆماتیک له به‌رده‌م مزگه‌وته‌کان ڕاوه‌ستابوون.
ئاژانسی دهنگوباسی فه‌ڕه‌نسا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت خه‌باتکاران گوتویانه یه‌کشه‌ممه له‌شکری سوریا کۆنتڕۆڵی چه‌ند گهرهکێـکیان له حومس گرته ده‌ست و ژماره‌یه‌کی زۆر هێزیان له گه‌ڕه‌که‌کانی دووار ئهلفاخور و ئهلنازحین جێگیر کرد.
حومس ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کی خۆپێشاندانه‌کانه به دژی سه‌رۆک به‌شار ئه‌سد و سه‌رکوتکرانی ناڕازیان به دژی حکومه‌ت.
شه‌ممه، حکومه‌تی سوریا لۆمه‌ی"خراپکارانی" کرد و گوتی خۆیان شاردبووه له په‌نا خۆپێشاندانده‌رانی دژ به حکومه‌ت بۆ له‌ڕێگا بهدهربردنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێک له نزیک حومس.
ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی حکومه‌ت له زاری کاربه‌ده‌ستێکی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند 'تاوانکاران' به‌شێکی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌یان لێکردبووه و بوون به هۆی له ڕێگا ده‌رچون و گڕگرتنی که له ئاکام شوفێره‌که‌ی و خه‌ڵکێکی زۆری ناوی کوژران.
نزیکه‌ی 480 که‌س له ناو شهمهندهفهرکهدابوون که له شاری حه‌له‌به‌وه رووه‌و دیمه‌شق له ڕێگا دابوو.