دیمەشق بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە گۆلان بە دەستدرێژی دەزانێت بۆ سەر سەروەری سوریا

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ دان پێدانان بە دەسەڵاتی ئیسڕائیلدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان " دەستدرێژییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری و یەکگرتوویی خاکی کۆماری سوریای عەرەبی."

سەرۆک ترامپ فەرمانێکی واژۆکرد کە تیایدا ئەمەریکا دان دەنێت بە دەسەڵاتی ئیسڕائیلدا بەسەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لە جەنگی ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل دەستی بەسەردا گرت.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئازادکردنی گۆلان بە هەموو ئەو هۆکارانەی لەبەردەستدان و گەڕاندنەوەی بۆ نیشتیمانی دایک مافێکە و چاوپۆشی لێناکرێت."

وتیشی " بڕیارەکە وا لە ئەمەریکا دەکات دوژمنی سەرەکی عەرەب بێت."

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات " هیچ شتێک ناتوانێت ڕاستی مێژوو بگۆڕێت کە گۆلان سەر بە سوریا بووە و هەر واش دەمێنێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز