فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت چەکداری زیاتری داعش لەگەڵ خێزانەکانیان خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە، ئەمەش هاوکاتی ئەو ناوچەیەی لە ژێر دەستی داعشدا ماوەتەوە هەتا دێت بچوکتردەبێتەوە.
عەدنان عەفرینی ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند و گوتی زۆربەی چەکدارەکان بیانین.
هاوکات مستەفا بالی بەرپـرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" لە پاش هێرشە توندەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر داعش لە باغۆز کە لە چەند قۆڵێکەوە ئەنجام درا، ئەوەتا لە بەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش لەگەڵ خێزانەکانیان خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن."
After yesterday%27s intense offensive on Daesh-held #Baghouz from multiple fronts, a large number of ISIS fighters and their families started to surrender to the #SDF since this morning.
— Mustafa Bali (@mustefabali) March 14, 2019
هەروەها کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ماڵپەڕەکەی هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، دەڵێت لە سەرچاوەی بڕواپـێکراوەوە زانیاریـیان پـێگەیشتووە ئەمڕۆ لە پاش ڕاگرتنی بۆردومانی ناوچەکە ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە تونێل و چاڵەکانی باغۆز هاتوونەتە دەرێ و خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد ژمارەیان چەند سەد کەسێک دەبێت.
لە لایەکی دیکە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند چەکدارانی داعش ئەمڕۆ لە باغۆزەوە هێرشێکیان ئەنجامدابوو، بەڵام شەڕڤانان شکستیان پـێهێناون و 15 چەکداریان لێکوشتوون.
لە ئێستادا داعش لە ناوچەیەکی بچوکی ڕۆژهەڵاتی باشوری سوریا ماوەتەوە کە ڕووبەرەکەی 4 کیلۆمەتردووجا بچوکترە.