چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەپێی ڕێکەوتنێک لە ناوچەیەکی نزیک حومس دەکشێنەوە

بەرپرسێکی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتی چەکداران ڕێکەوتوون لەگەڵ حکومەتی سوریادا تاوەکو لە ناوچەیەکی نزیک حومس بکشێنەوە لە کاتێکدا سوپای سوریا خۆی ئامادە دەکات کۆتا دوو شوێنی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بگرێتەوە لە وڵاتەکەدا.

بەرپرسێکی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای حومس وتی بە نێوەندگیری ڕوسیا گەیشتوون بە ڕێکەوتنێک و بەپێی ئەوەش حکومەت فەرمانڕەوایی ناوچەکە دەکاتەوە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیش چەکە قورسەکانیان ڕادەست دەکەنەوە.

وتیشی ئەو چەکدار و هاوڵاتییە مەدەنییانەی کە ڕازی نین حکومەتی سوریا بێتەوە ناوچەکە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندان لە باکووری وڵاتەکە نزیک سنووری تورکیا.

هێشتا هیچ لێدوانێک لەلایەن دیمەشق و مۆسکۆوە نەدراوە سەبارەت بە بابەتەکە.

ئەو شوێنەش کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە شارۆچکەکانی حەولە و ڕەستن و تەلبیسە و گوندەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە و دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی خێرای نێوان هەردوو شاری حومس و حوما.

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە شوێنەکەی دیکە کە دەکەوێتە باشووری دیمەشقەوە ڕازی بوون بە ڕێکەوتنەکە سەرەڕای ئەوەی هێشتا ناوچەکەیان بەجێ نەهێشتووە.

جێی ئاماژەیە هێرشەکانی حکومەت و ڕێکەوتنە ناوخۆییەکان بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران یارمەتیدەر بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوە خاکێکی زۆری سوریا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز