ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە لەسەر داوای ڕوسیا و ئەمەریکا دوو کۆبوونەوە ساز دەکەن ئەوەش دوای هێرشە کیمیاییەکەی سوریا.
سیاسەتمەداران وتیان ڕوسیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە بەهۆی هەڕەشە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش، سەرەڕای ئەوەی ئەو بابەتەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە.
جێی ئاماژەیە دوای یەک خولەک لەو داوایە، بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەمەریکا و پۆڵەندا و هۆڵەندا و سوید و کوەیت و پیرۆ و کواتیڤوار داوایان لە ئەنجومەنەکە کرد باس لە هێرشە کیمیاییەکەی سوریا بکەن.
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێویستە لەسەر ئەنجومەن هەڵوێستێکی یەکگرتووە بگرێتە بەر و داوا بکات تیمەکانی فریاکەوتن بچنە سوریاوە و پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکات لەسەر ئەوەی کە ڕوویداوە و لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە بەرپرسن لەو کارە خراپە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز