سەرۆکی سوریا دەڵێت هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا هیچ ئەنجامێکییان نەبووە

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد وتی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان نەبووە.

ئەسەد لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانی سوریا وتی " دەستپێشخەرییەکان هیچ ئەنجامێکییان نەبووە کە شایەنی باسکردن بن سەرەڕای سووربوون و ڕەسەنی نێوەندگران." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی عێراق و ئێران و ڕووسیا بۆ خستنەوەی ئاشتەوایی لە نێوان تورکیا و سوریادا.

لە ساڵی 2011 دا دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەی سوریادا پچڕاند. ئەنکەرە لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییەکانی دژ بە ئەسەد کردووە. ئەسەد ئەو گروپانە بە تیرۆریست ناودەبات.

ئەسەد وتی " چارەسەرەکە کراوەییە. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سەرەتا پێویستی بە نەهێشتنی ئەو هۆکارانەیە کە بوونە هۆی نەمانی پەیوەندییەکان."

ئەسەد ڕوونی کردەوە لە کاتێکدا کە دەیەوێت هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی سوریا بکشێنەوە، ئەوە مەرجی پێشوەخت نیە بۆ گفتوگۆکان.

لە مانگی حەوتدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی بانگهێشتی ئەسەد دەکات " لە هەر کاتێکدا بێت " سەردان بکات و گفتوگۆ بکەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

پێشتر ڕۆژنامەیەکی تورکیایی بڵاویکردەوە ئەردۆغان و ئەسەد ڕەنگە لە مانگی هەشتدا کۆببنەوە، بەڵام دیبلۆماتکارێکی تورکیا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕووسیا هەوڵیداوە ئاسانکاری بکات بۆ کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد لە هەوڵێکدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە. عێراقیش لە مانگی حەوتدا وتی ڕەنگە هەوڵ بدات دوو سەرۆکەکە پێکەوە کۆبکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز