لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی سوریا چوار سەربازیی ئێرانی کوژران

دەزگای هەواڵی فارسی ئێرانی وتی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی سوریا لە نزیک حومس چوار سەربازی ئێرانی کوژران لە کاتێکدا کە سوریا و ڕوسیا ئیسڕائیلیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاسمانییە.

لەلای خۆیەوە ئیسڕائیل تا ئێستا نە هێرشەکەی ڕەت کردتۆتەوە و نە پشتڕاستیشی کردۆتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسڕائیلی وتیان بنکەی سەربازیی ئاسمانی تەیاس کە بە تەیفوریش دەناسرێت هێزەکانی ئێران بەکاری دەهێنن و ئیسڕائیل ڕێگە نادات دوژمنەکەی بوونی هەبێت لە سوریادا.

ماوەی چەند ساڵێکە سوپای پاسدارانی ئێران شان بە شانی سوپای سوریا دەجەنگن، تا ئێستا زیاتر لە هەزار ئێرانی لە سوریا کوژراون، لەنێویاندا ئەفسەری باڵای سوپای پاسدارانیان تێدایە.

دەزگای هەواڵی فارسی ئێران وتی چوار سەربازیی ئێرانی لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کوژراون.

هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانی ئاماژەیان بەوەدا کە یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامێکی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بووە، کە ئەو هێزە بەرپرسیارن لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان.

لە مانگی دوودا ئیسڕائیل وتی بەرپەرچی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی داوەتەوە کە لە سوریاوە هاتووە و هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە لەدژی شوێنەکانی بەرگری ئاسمانی و ئامانجە ئێرانییەکان لە ناو سوریادا. لەو کاتەدا ئێران ڕەتی کردەوە فڕۆکەکەی لە ئیسڕائیل کەوتبێتە خوارەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهرام قاسمی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی ئەوە پیشێلکردنێکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و دەکرێت ناکۆکییەکانی سوریا ئاڵۆزتر بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز