سه‌رهه‌ڵـداوانی سوری ده‌ڵێن ئه‌وان له گه‌ڕه‌کی بابا عه‌مری حومس کشاونه‌ته‌وه پاش ئه‌وه‌ی بۆ نزیکه‌ی ماوه‌ی مانگێـک بوو خۆیان له به‌رده‌م هێرشه به‌رده‌وامه‌کانی هێزه‌کانی حکومه‌تدا ڕاگرتبوو.
ئه‌و سه‌رهه‌ڵـداوانه که خۆیان به هێزی شۆڕشگێڕی بابا عه‌مر ناوده‌به‌ن ئه‌مڕۆ پـێـنجشه‌ممه گوتیان ناوچه‌که‌یان چۆڵ کردووه له پـێناو پاراستنی گیانی نزیکه‌ی 4 هه‌زار که‌سی سیڤیل که له ماڵه‌کانیان ماونه‌ته‌وه.
گوتیشیان خراپـبوونی ڕه‌وشی مرۆیی و که‌می خۆراک و ئاو و کاره‌با و داوده‌رمان و هه‌روه‌ها که‌می له چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیـیه‌کان وایکرد بڕیاری ئه‌و کشاندنه‌وه‌یه بده‌ن. له هه‌مان کاتیشـدا ئاگاهیـیان به حکومه‌ت داوه له‌وه‌ی هه‌ر کارێـکی تۆڵه سه‌ندنه‌وه له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی سیڤیل بکه‌ن، ئه‌وا کاردانه‌وه‌یه‌کی توندیان ده‌بێت.
هه‌روه‌ها داوایان له خاچی سوور کرد به په‌له کۆمه‌کی مرۆیی بگه‌یه‌نێته ناوچه‌که.
چالاکوانێـک له حومسه‌وه به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای گوت ئه‌م بڕیاری کشاندنه‌وه‌یه مانای ته‌سلیمبوون نیـیه، به‌ڵـکو له ڕاستیدا هێزه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن گولـله و ته‌قه‌مه‌نیـیان لێبڕاوه.
له لایه‌کی دیکه‌وه ده‌سته‌ی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤی بنکه له له‌نده‌ن ده‌ڵێت هه‌ر ئه‌مڕۆ له گه‌ڕه‌کی بابا عه‌مر هێزه‌کانی حکومه‌ت به لایه‌نی که‌م 17 که‌سیان کوشـتووه.
به‌ریتانیاش هه‌ر ئه‌مڕۆ ڕایگه‌یاند که‌وا له‌به‌ر مه‌ترسی ئاسایشی هه‌موو دیپـلۆماته‌کانی خۆی له سوریا کشانۆته‌وه. حکومه‌تی سویسراش گوتی هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆ باڵیۆزخانه‌ی خۆی له دیمه‌شق به شێوه‌یه‌کی کاتی داخسـتووه. سویسرا هه‌ر له سـاڵی ڕابردووه‌وه باڵیۆزی خۆی کشاندۆته‌وه.