دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەدا پیاوێکی جووی ئۆرثۆدۆکس لە سویسرا بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند " هەستی دژە جوو لە سویسرا جێگەی نابێتەوە." دەوترێت هێرشەکە لەلایەن هەرزەکارێکەوە ئەنجام دراوە کە " بەیعەتی " داوە بە ڕێکخراوی داعش.
سەرۆکی سویسرا ڤایۆلا ئامەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " هێرشەکە بە چەقۆ لە زیورخ توشی سەرسوڕمانی کردم." وتیشی نزا بۆ قوربانییەکە و سەرجەم دانیشووانی جووی وڵاتەکە دەکات.
پیاوێکی جووی ئۆرثۆدۆکسی تەمەن 50 ساڵ درەنگانێکی ڕۆژی شەممە لە شاری زیورخی گەورەترین شاری سویسرا بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر، سەرەتا پۆلیس وتی " بە سەختی بریندار بووە."
فیدراسیۆنی کۆمەڵگەکانی جووەکان لە سویسرا بە دەزگای هەواڵی کییستۆن ئەی تی ئێسی سویسرای وت ژیانی پیاوەکە چیتر لە مەترسیدا نیە.
ڕۆژی یەکشەممە پۆلیس وتی هێشتا پاڵنەری هێرشەکە نەزاندراوە بەڵام لێکۆڵەرەوەکان بیر لەو ئەگەرە دەکەنەوە کە هێرشەکە " تاوانێک بێت لە هەستی دژە جووەوە " سەرچاوەی گرتبێت.
کوڕێکی تونسیی تەمەن 15 ساڵ گومانی لێدەکرێت هێرشەکەی ئەنجام دابێت، ئۆفیسی دەسەڵاتی دادوەریی گەنجان وتی هەرزەکارەکە دەستبەسەرکراوە.
وتیشی لێکۆڵەرەوان دەیانەوێت بزانن کە ئایا هەرزەکارەکە بە تەنها کارەکەی ئەنجام داوە یاخود نا.
سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی زیورخ ماریۆ فەهر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی گومانلێکراوەکە ڤیدیۆیەکی دروست کردووە کە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو هێرشەکەی ئەنجام داوە.
بەپێی کیستۆن ئەی تی ئێس، هەرزەکارەکە لە ڤیدیۆکەدا " بەیعەت " دەدات بە ڕێکخراوی داعش و داوای شەڕکردن دەکات دژی جووەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕێکخراوی داعشیش تاوەکو ئێستا بانگەشەی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەکردووە.
بەڵام ئەو ڤیدیۆیەی کە پۆلیس باسی لێوەکردووە وادیارە هەمان ئەو ڤیدیۆیە بێت کە گروپی ڕاوێژکاریی هەواڵگریی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا کوڕێکی هەرزەکار بانگەشەی ئەوە دەکات کە " سەربازی خەلافەتە."
لە ڤیدیۆکەدا هەرزەکارەکە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە دەکات دژی جووەکان لە سویسرا، دەڵێت هەڵدەکوتێتە سەر پەرستگایەکی جووەکان و " هەتاوەکو بتوانێت زیان بە جووەکان دەگەیەنێت، " دواتریش دەچێتە سەر شەقامەکە هەوڵ دەدات نا موسوڵمانەکان " بکوژێت."
دامەزراوەیەکی دژ بە ڕەگەزپەرستی و هەستی دژە جوو لە زیورخ وتی شایەتحاڵان دەڵێن گوایە تاوانبارەکە " دروشمی دژە جووی وتووەتەوە کە ئاماژە بوون لەسەر تاوانێکی ڕق."
وتی " ئەمە تەنها دۆسییە نیە. لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ڕووداوەکانی هەستی دژە جوو لە سویسرا زۆر زیاتر بوون."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە، تاوانەکانی دژ بە جووەکان و موسوڵمانەکان لە زۆرێک لە وڵاتاندا زیادییان کردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس