پۆلیسی سویسرا دەڵێت دەزگاکانی فریاگوزاری خێرا لاشەی کەسێکییان دۆزیوەتەوە و بەردەوام بوون لە گەڕانەکانییان بە دوای دوو کەسی دیکەی بێسەروشوێنبوودا، ئەوەش دوای کەوتنەوەی لافاو و هەرەسهێنانی زەوی لە باشووری سویسرادا.
پۆلیس وتیشی نزیکەی 200 کەس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر و سەگی فریاکەوتن بەشدارن لە هەوڵەکانی گەڕان و پاککردنەوەکاندا، ئەوەش دوای ئەوەی باران بارینە بەخوڕەکەی ڕۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە دۆڵی میسۆکس لە کانتۆنی گریسۆنس.
فەرماندەی پۆلیسی ناوخۆ ویلیام کلۆتەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت سێ کەس بێسەروشوێن بوون. لاشەی کەسێک لە ڕووبارەکەدا دۆزراوەتەوە.
ڕۆژی هەینی نزیکەی 124 ملم باران لە دۆڵەکە باریوە، لە ماوەی یەک کاتژمێردا نزیکەی 63 ملم باران باریوە.
چەندین ڕووبار ئاوییان لێڕژاوەتە ناو دۆڵەکەوە و شەقام و کێڵگە و گوندەکانییان بە پاشماوە و خۆڵ و دار داپۆشیوە. سێ خانووش لە ناوچوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز