سوید دەڵێت ئێران لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی سوتاندنی قورئانەوە بووە لە ساڵی 2023 دا

وەزیری دادی سوید گونار سترۆمەر

ڕۆژی سێشەممە لێکۆڵەرەوانی سوید دەزگای هەواڵگری ئێرانییان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هاککردنی بەرنامەیەکی نامەناردن لە ساڵی 2023 دا بۆ ناردنی نامە و هاندانی خەڵکەکە بۆ تۆڵەکردنەوە لەو خۆپیشاندەرانەی کە قورئانییان سوتاندبوو.

دەسەڵاتی دادوەری سوید لە بەیاننامەیەکدا وتی نزیکەی 15,000 نامە لە هاوینی ساڵی 2023 دا نێردراون و " داوای تۆڵەکردنەوەیان کردووە لە دژی ئەو کەسانەی قورئانییان سوتاندووە." ئەوەش دوابەدوای خۆپیشاندانەکان کە تێیدا سوکایەتی بە قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان کرا.

دەسەڵاتەکە وتی " ئامانجەکە دروستکردنی دووبەرەکی بووە لە کۆمەڵگەی سویدیدا."

لە بەیاننامەیەکی جیادا دەزگای ساپۆی هەواڵگری سوید وتی دڵنیا بووەتەوە لەوەی کە گروپێکی هاککردن " لە بری سوپای پاسدارانی ئێران کاریکردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کەمپینی کاریگەریی دروستکردنە."

سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەزگای ساپۆی هەواڵگری سوید فرێدریک هۆڵسترۆم وتی " ئامانجەکە ئەوە بووە کە وێنەیەکی سوید بکێشرێت وەکو وڵاتێک کە فۆبیای لە ئیسلام هەیە."

وەزیری دادی سوید گونار سترۆمەر وتی " ڕاستییەکە ئەوەیە کە وڵاتێک، لەم حاڵەتەدا ئێران، لە پشت کارێکەوە بووە کە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی سوید یاخود زیادکردنی دووبەرەکی بووە لە وڵاتەکەماندا و ئەوەش بێگومان مەترسیدارە."

لە 1 ی مانگی هەشتی ساڵی 2023 دا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سوید بڵاوییان کردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکە نامەیان بە دەست گەیشتووە و لە نامەکەدا داوایان لێکراوە تۆڵە بکەنەوە دژی ئەو کەسانەی کە کتێبی پیرۆزی موسوڵمانانییان سوتاندووە.

بەپێی لێکۆڵەرەوان، لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە گروپەکە ناوی تیمی ئانزۆیە و لە پشت ئەرکەکەوە بوون، بەڵام لێکۆڵینەوەکە داخرا چونکە باوەڕوابوو کە پێناچێت گومانلێکراوەکان بتوانرێت بهێندرێنە بەردەم داد.

لە مانگی پێنجدا ساپۆ وتیشی ئێران چەتە تاوانکارە سویدییەکان بە کرێ دەگرێت کە هەندێکیان منداڵن، تاوەکو " کردەوەی توندوتیژی " دژی ئیسڕائیلییەکان و بەرژەوەندییەکانی دیکەی سوید ئەنجام بدەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس