ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەمین دانیشتنی خۆی سەبارەت بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی چەک بۆ ماوەیەکی نادیار لەسەر ئێران دەست پێدەکات.
وابڕیارە لە مانگی 10 دا وادەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران تەواو ببێت کە بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 دا واژۆکراوە.
دیبلۆماتکاران وتیان ئەمەریکا ڕەشنووسی بڕیارەکەیان بەسەر وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا دابەش کردووە کە ژمارەیان 15 وڵاتە، بەڵام ڕوسیا و چین کە مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە لە ئەنجومەنی ئاسایش دژایەتی خۆیان بۆ پێشنیارەکە دەربڕیوە.
واشنتن ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت سزای قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران درێژبکرێتەوە. تێپەڕبوونی بڕیارەکە پێویستی بەوە دەبێت 9 ئەندام لە ئەنجومەنەکە پەسەندی بکەن و مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکارنەهێندرێت، لە ئەنجومەنەکەدا هەریەک لە ئەمەریکا و چین و ڕوسیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز