هێزەکانی سوریای دیموکرات دەست دەگرن بەسەر کۆمەڵێک شوێنی چەکدارانی داعشدا

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک شوێنیان کردووە لە کۆتا ناوچەی ڕێکخراوی داعشدا لە سوریا، ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆیتەرزیش وتی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شوێنێکی بچووک لە سەر قەراغی ڕووباری فوڕات.

دووکەڵ لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بەرزبۆتەوە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپهاوێژەکانەوە. شایەتحاڵێکی دیکە وتی چەکدارانی داعش لە ماوەی ڕابردوودا هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامداوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە پێکدادانێکی تونددا دەیان چەکداری داعش کوژراون و یەکێک لە چەکدارانی هێزەکە برینداربووە. وتیشی ڕێکخراوی داعش چوار خۆکوژی ناردووە بۆ کۆمەڵێک شوێنی نزیک لە هێڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی وتی " دەست گیراوە بەسەر کۆمەڵێک شوێندا و کۆگایەکی تەقەمەنیش تەقێندراوەتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز