ڕوانگەی سوری: هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی سوسە دەکەن

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵیشارۆچکەی سوسەیان کردووە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی سوریاوە و لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی داعشدا دەریانهێناوە و ئێستا داعش تەنها ناوچەیەکی بچووکی لەژێردەستدا ماوە.

لە مانگی نۆدا هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشێکی دیکەیان کردە سەر موڵگەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەیر ئەلزور لەسەر سنووری عێراق و لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیەوە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا پشتیوانیان لێکرا.

سەرەڕای ‌هێرشە پێچەوانەکانی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ناوچەکانی داعش بکەن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە کۆنتڕۆڵی تەواوی شارۆچکەی سوسە و دەوروبەری بکەن، وتیشی ئێستا داعش تەنها شارۆچکەی باغۆز فۆقانی لەبەردەستدا ماوە لەگەڵ هەندێک بینای نیشتەجێبووندا کە ڕووبەرەکەیان دەگاتە نزیکەی 15 کلم چوارگۆشە.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدوڵرەحمان وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنتڕۆڵی شارۆچکەکەیان کردووە دوای ئەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش هەڵهاتوون.

عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا سوسە گەورەترین شارۆچکە بووە بەدەست داعشەوە و 120 چەکداری ڕێکخراوی داعش خۆیانداوە بەدەستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە دوای مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە پێکدادانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1000 چەکداری ڕێکخراوی داعش و نزیکەی 600 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات و 360 هاوڵاتی مەدەنی.

سەرچاوە/ فرانس پرێس