هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێت شانەیەکی داعشیان لە ڕەقە لە ناوبردووە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند هێزەکانی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە ئاسایشی و سەربازییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دژی شانەکانی داعش.

گوتیشی " ڕۆژی چوارشەممە تیمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانمان ئەرکێکی ئاسایشی وردییان ئەنجام داوە و شانەیەکی ڕێکخراوی داعشییان لە شاری ڕەققە لە ناوبردووە."

ئەوەشی خستەڕوو " دوای ئەوەی هێزەکانمان زانیاری هەواڵگری تەواوییان لەسەر چالاکییە تیرۆریستییەکانی شانەکە کۆکردووەتەوە و توانیویانە شوێنی خۆحەشاردانییان بدۆزنەوە، چواردەوریان گرتوون و سێ تیرۆریستییان دەستگیرکردووە کە ئەندام بوون لە شانەکەدا."

دەشڵێت ئەندامەکانی دەستگیرکراون " چەندین ئەرکی تیرۆریستییان دژی هێزەکانمان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام داوە، کاریشیان کردووە لەسەر دروستکردنی بێسەروبەریی لە ڕێی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەوە دژی دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان."

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە " هێزەکانی سوریای دیموکراتیک سەرەڕای سەرقاڵییان، وەڵامی هێرشەکانی تورکیای داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانییان داوەتەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە لە ناوبردنی چەکداران و خانەکانی ڕێکخراوی داعشی تیرۆریستی و ڕێگەیان نادەین خۆییان ڕێکبخەنەوە و هێرشی تیرۆریستی لە ناوچەکانماندا ئەنجام بدەن."