باڵیۆزخانەی سعودیە لە لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سعودیە داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە بە خێرایی خاکی لوبنان جێبهێڵن و خۆیان بە دووربگرن لە نزیکبوونەوە لەو ناوچانەی کە پێکدادانی چەکداریی تێدا ڕوویداوە.
سعودیە ئاماژەی بەوە نەداوە ئەو ناوچانە کوێن کە داوای لە هاووڵاتییانی کردووە خۆیانی لێ بەدووربگرن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ، باڵیۆزخانەکە جەختی لە " گرنگی پابەندبوون بە قەدەغەکردنی گەشتەکانی سعودیە بۆ لوبنان " کردووەتەوە.
هەروەها کوەیت بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی کوەیتی لە لوبنان کرد وریا بن و خۆیان لەو ناوچانە بە دووربگرن کە پشێوی ئاسایشییان " تێدایە، بەڵام داوای لێنەکردوون لوبنان جێبهێڵن.
هەروەها لە 1ی مانگی هەشتدا، ئیماڕات ئامۆژگارییەکانی گەشتکردنی بۆ لوبنان نوێکردەوە و داوای کرد ئەگەر زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن بۆ بەشەکانی باشووری لوبنان لە نزیک کەمپی عەین ئەلحلوەی فەڵەستینییەکان.
سەرچاوە ئاسایشییەکانی ناو کەمپەکە دەڵێن بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان لایەنگرانی بزووتنەوەی فەتح و ئیسلامییە توندڕەوەکاندا کە لە 29 ی مانگی حەوتدا لە ناو کەمپەکەدا سەریانهەڵدا. لانی کەم 13 کەس کوژراون و زۆربەیان چەکداربوون.
بەپێی دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستینی، عەین ئەلحلوە گەورەترین کەمپی فەڵەستینییەکانە لە نێو ئەو 12 کەمپەی فەڵەستینییەکاندا لە لوبنان، کە نزیکەی 80 هەزار پەنابەری فەڵەستینی لەخۆگرتووە لە کۆی 250 هەزار پەنابەری فەڵەستینی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز