بەرگری ئاسمانی سعودیە دەڵێت موشەکێکی باڵیستیکی ئاڕاستەکراو لە یەمەنەوە تێکشکاندووە

هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە وتی هێزی بەرگری ئاسمانی سعودیە بەسەر ئاسمانی شاری جازانەوە لە باشووری وڵاتەکەبەرپەرچی موشەکێکی باڵیستیکی داوەتەوە کە حوسییەکان لە یەمەنەوە هاویشتوویانەوە و تێکیان شکاندووە.

لە ماوەی ڕابردوودا حوسییەکان وتیان موشەکێکی باڵیستیکی جۆری بدر1یان هاویشتووە بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی جازان، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەیان نەدا.

حوسییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن و کۆنتڕۆڵی زۆربەی خاکی یەمەنیان کردووە بە سەنعای پایتەختیشەوە، لەم مانگانەی دواییدا دەیان موشەکیان ئاڕاستەی سعودیە کردووە لە چوارچێوەی ململانێکانی یەمەندا کە شارەزایان دەڵێن شەڕی ناوخۆی یەمەن لەنێوان سعودیە و ئێراندایە.

لە ساڵی 2015 هاوپەیمانێتییەک لەنێوان وڵاتانی عەرەبیدا دامەزرا بە ڕابەرایەتی سعودیە و لەو کاتەوە لە یەمەن لە جیاتی حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسور هادی دەجەنگن. ئێران و حوسییەکانیش تۆمەتەکانی سعودیە ڕەت دەکەنەوە سەبارەت بەوەی تاران حوسییەکان پڕ چەک دەکات.

دەزگای هەواڵی سعودیە لە زاری وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە تورکی مالکییەوە بڵاویکردەوە بەرگریی ئاسمانی سعودیە بەسەر جازانەوە موشەکێکی تێکشکاندووە. حوسییەکانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە خەڵکی مەدەنی لێیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز