ڕووسیا ڕیفراندۆم لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا ئەنجام دەدات

دەنگدان لە لوهانسک، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

ڕۆژی هەینی ڕووسیا کۆمەڵێک ڕیفراندۆمی ئەنجامدا کە ئامانج لێیان لە خۆگرتنی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیایە، کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا دژایەتییان کرد و وڵاتانی ڕۆژئاواش وتیان دەنگدانەکە ساختەیە و بەڵێنیاندا دان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکاندا نەنێن.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن لە هەندێک لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕێگە نەدراوە خەڵکەکە ناوچەکانیان جێبهێڵن تاوەکو دەنگدانە چوار ڕۆژییەکە تەواو دەبێت، گروپ چەکدارەکان دەچوونە ناو ماڵەکانەوە و کارمەندانیش هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لێکراوە ئەگەر بەشداری لە دەنگدانەکاندا نەکەن.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی دەنگدانەکە " لەلایەن جیهانەوە بێ دوودڵی سەرکۆنە دەکرێت "، لەگەڵ کۆکردنەوەی سەربازیشدا کە ڕووسیا لەم هەفتەیەدا دەستیپێکردووە، لە کرایمییە و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی وتی " ئەمانە نەک تەنها تاوانن دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی ئۆکرانیا، تاوانیشن دژی خەڵکێکی دیاریکراو، دژی نەتەوەیەک."

دەنگدان لەسەر بوون بە بەشێک لە ڕووسیا بە پەلە ڕێکخرا، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆکرانیا خاکێکی بەرفراوانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا گرتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز