زاپۆریژای ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیا دەڵێت ڕۆژانە 7000 تەن گەنم هەناردە دەکات

بەرپرسانی ڕووسیا لە زاپۆریژا دەڵێن ئەو بەشەی هەرێمی زاپۆریژای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە ڕۆژانە 7000 تەن گەنم هەناردە دەکات.

ئۆکرانیا ڕووسیای بە تۆمەتی دزینی گەنمەکەی تۆمەتبار کردووە، لەو ناوچانەی ئۆکرانیادا کە هێزەکانی ڕووسیا داگیرییان کردوون.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ئەو بەشەی زاپۆریژا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە یەڤگنی بالیتسکی وتی ئەو بەشەی زاپۆریژا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە ڕۆژانە 5000 تەن گەنم لەڕێی شەمەندەفەرەوە هەناردە دەکات، هەروەها 1500 بۆ 2000 تەنیش لەڕێی ئوتومبێلی بارهەڵگرەوە هەناردە دەکات. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا گەنمەکە بۆ کوێ هەناردە دەکرێت.

وتیشی هەناردەکردنەکان بەمزووانە زیاتر دەبن کاتێک بەندەری بێردیانسکی سەر دەریای ئازۆڤ دەست دەکات بە مامەڵەکردن لەگەڵ گەنمدا، ئەو بەندەرەش بە هەمان شێوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە.

بالیتسکی وتی " ئەم کێشەیە خەریکە چارەسەر دەکرێت، هەروەها دەست دەکەین بە بارکردن بۆ تورکیاش. جوتیارانیش دەتوانن گەنمەکانیان بە تورکیا و سعودیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسڕ و بازاڕە ستانداردەکان بفرۆشن."

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەم لێدوانە پشتڕاست بکاتەوە.

لە مانگی حەوتدا بالیتسکی وتی ئەو بەشەی زاپۆریژا کە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادایە گەیشتووە بە ڕێکەوتنێک بۆ فرۆشتنی گەنم بە عێراق و ئێران و سعودیە.

ڕۆژی شەممە وتی ناوچەکە 1.5 ملیۆن تەن گەنمی بەرهەم هێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز