ڕووسیا: بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کەشتییەکی جەنگی ڕووسی لە دەریای ڕەش زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە

ڕووسیا دەڵێت کەشتییە سەرەکییەکەی هێزی کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش بەهۆی تەقینەوەیەکەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و کەشتیەوانەکان گواستراونەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەڵێن تەقینەوەی کەشتیەکە بەهۆی هێرشێکی موشەکییەوە بووە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە ئاگرێک لەسەر کەشتی جەنگی مۆسکڤا کەوتۆتەوە و بەهۆیەوە تەقەمەنییەکانی ناو کەشتییەکە تەقیونەتەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەدا، بەڵام فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسای دەوروبەری دەریای ڕەش ماکسیم مارچێنکۆ وتی دوو موشەکی دژە کەشتی نیپتۆنی دروستکراوی ئۆکرانیا کەشتیە جەنگییەکەی ڕووسیایان کردۆتە ئامانج.

وتی " موشەکە نیپتۆنەکان کە پاسەوانی دەریای ڕەش دەکەن زیانێکی گەورەیان بە کەشتییەکە گەیاندووە."

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا هێشتا لێدوانی نەداوە و ڕۆیتەرز نەیتوانیوە لێدوانەکانی هەردوولا لەسەر ڕووداوەکە پشتڕاست بکاتەوە.

کەشتی جەنگی مۆسکڤای ڕووسی دووەمین گەورەترین کەشتییە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا زیانی گەورەی بەرکەوتبێت. مانگی ڕابردوو ئۆکرانیا وتی کەشتییەکی ڕووسییان بە ناوی ئۆرسکەوە لە دەریای ئازۆڤ تێکشکاندووە.

هێزی دەریایی ڕووسیا لە دەریای ڕەشەوە موشەکی کروزی ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە، چالاکییەکانی هێزی دەریایی ڕووسیا لە دەریای ڕەش زۆر گرنگن بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنە پیادەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە باشووری ئۆکرانیا، کە لەوێ هەوڵی گرتنی ماریوپۆڵ دەدەن.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا وتیان مۆسکڤا کە لە ساڵی 1983 ەوە چالاک کراوە و کار دەکات، 16 موشەکی کروزی ڤوڵکانی دژە کەشتی لەسەر بووە و مەودای ڕۆیشتنی موشەکەکان لانی کەم 700 کیلۆمەتر بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕووسیا وتی 1026 سەربازی هێزی دەریایی 36ی ئۆکرانیا لە شاری ماریوپۆڵ خۆیان داوە بە دەستەوە کە 162 کەسیان ئەفسەر بوون، وتیشی شارەکە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە. لەلای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی هیچ زانیارییەکیان نیە لەسەر خۆ بە دەستەوەدانی سەربازانی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز