ئاڕ ئای ئەی: ڕووسیا دەڵێت توانا سەربازییەکانی لە باکووری ڕۆژئاوا زیاد دەکات لە کاتێکدا فینلەندا دەچێتە پاڵ ناتۆ

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئالیکساندەر گروشکۆوە بڵاویکردەوە ڕووسیا توانا سەربازییەکانی لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا زیاتر دەکات، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەندامێتی پێشبینیکراوی فینلەندا لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا سوید و فینلەندای ناچار کرد داوای ئەندامێتی بکەن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەمەش دەستبەرداری بێلایەنی سەربازییەکەیان بوون کە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بەردەوام بوو.

فینلەندا سنوورێکی 1,300 کیلۆمەتری هەیە لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەش مانای ئەوەیە سنووری هاوپەیمانێتی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیادا نزیکەی دوو هێندە دەبێت، مۆسکۆش دەڵێت لە وەڵامی ئەندامێتی فینلەندادا لە ناتۆ هێزەکانی لە هەرێمە سنووریییەکان نێوان ڕووسیا و فینلەندا زیاتر دەکات.

ساڵی ڕابردوو وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ وتی ڕووسیا " ڕێوشوێنی پێچەوانەی گونجاو " دەگرێتەبەر و 12 یەکە لە ناوچەی سەربازی ڕۆژئاوای وڵاتەکە پێکدەهێنێت.

گروشکۆ بە ئاڕ ئای ئەی وت " توانای سەربازییمان لە ئاڕاستەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا پتەو دەکەین. لە کاتێکدا ئەگەر هێز و سەرچاوەکانی هاوپەیمانەکانی دیکەی ناتۆ ڕەوانەی فینلەندا بکرێن ئەوا هەنگاوی زیاتر دەگرینەبەر بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لە ئاسایشی سەربازیی ڕووسیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز