ڕێکەوتنی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە لە بارەی ئیدلیب کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

ئەو ئاگربەستەی هەردوو سەرۆکی ڕووسیا و تورکیا لەسەری ڕێکەوتن بۆ شەڕی ئیدلیب، چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و هێرشی ئاسمانی ڕووسیا و سوریا بۆ سەر شوێنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا وەستان.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە لە کاتژمێر 1 ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئاگربەستەکە دەستیپـێکرد. کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئارامیـیەک ناوچەی شەڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گرتووەتەوە، هەرچەندە چەند گولـلە تۆپـێک لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە تەقێنراون بە ئاڕاستەی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەی ئەلبزموی سەر بە شارۆچکەی ئەتاربی پارێزگای حەلەب و ناوچەی سەهل ئەلغابی پارێزگای حەما و ناوچەی جەبەل ئەلزاویـیەی پارێزگای ئیدلیب.

کۆمەڵەکە دەشڵێت لە 24 کاتژمێری بەر لە ئاگربەستەکە، فڕۆکەکانی ڕووسیا و سوریا 94 هێرشی ئاسمانیـیان ئەنجامداوە.

کاربەدەستان لە مۆسکۆ دەڵێن ڕێکەوتنەکە ئەنجامی وتووێژی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمیر پـوتن بووە لە کرێملێن کە زیاتر لە 6 کاتژمێری خایاندبوو.

بەپـێی ڕێکەوتنەکە کە لەلایەن سێرگێی شویگو وەزیری بەرگری ڕووسیا و خەڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا واژوکرا، دەبێت لە ماوەی هەفتەیەک ناوچەیەکی ئارام دروستبکرێت بە درێژایی جادەی M4 بە شێوەیەک 6 کیلۆمەتری باکوری جادەکە و 6 کیلۆمەتری باشوری جادەکە بگرێتەوە. پاشان لە 15 ی مانگەوە هێزی گەڕۆکی هاوبەشی ڕووسی و تورکی بەو جادەیە هاتوچۆ بکەن.

لەوەتای حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا دەستیکردووە بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیدلیب، سەدان کەس کوژراون و بە سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

تورکیاش کە پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو ناوچەیە دەکات، دەڵێت هێرشی دڕندانەی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەبنە مایەی ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو ناوچانە بەرەو تورکیا، بۆیە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕانە. دیمەشقیش دەڵێت گروپە تێرۆرستیـیەکانی سەر بە ئەلقاعدە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە و تورکیاش کۆمەکیان دەکات.