بەرپرسێکی ڕووسیا: پوتن بانگهێشت کراوە سەردانی کوبا بکات

باڵیۆزی ڕووسیا لە کوبا بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی وت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بانگهێشت کراوە سەردانی کوبا بکات، بەڵام هێشتا زووە باس لە ئامادەکارییەکان بکرێت بۆ ئەو جۆرە گەشتە.

باڵیۆزی ڕووسیا لە کوبا ڤیکتۆر کۆرۆنێلی بە ئاڕ ئای ئەی وت " ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ پوتن بانگهێشت کراوە، بەڵام نازانم پلانەکان چۆن دەبن. سەرۆکی کوبا ماوەیەکی کەم لەمەوبەر لە مۆسکۆ بوو، لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا، لەبەر ئەوە کاتێکی زۆر تێنەپەڕیوە."

ڕووسیا و کوبا لە مێژە هاوپەیمانی یەکترن و هەردووکییان لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادان، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانییان زیاتر کردووە، ئەوەش لە ڕێی کارئاسانیکردن بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوانییان تاوەکو ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە بەهۆی سزاکانەوە دروست بوون.

کۆرۆنێلی وتی تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا کوبا پێشوازی لە 66,000 گەشتیاری ڕووسیایی کردووە، بەپێی ئاماری گەشتەکانیش لەم ساڵدا گەشتیارانی ڕووسیا بۆ کوبا دەگاتە 100,000 گەشتیار.

سەرۆکی کوبا میگێل دیاز کانێل کاتێک لە ساڵی 2022 دا چاوی بە پوتن کەوت، بە تایبەتی سڵاوی ڕابەری پێشووی کوبا ڕاول کاسترۆی گەیاند بە پوتن، هەروەها سەرکۆنەی سزاکانی ڕۆژئاوای کرد دژی ڕووسیا.

کانێل لەو کاتەدا بە پوتنی وت " دەمەوێت بڵێم ڕووسیا هەمیشە دەتوانێت پشت بە کوبا ببەستێت، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هەمووشتێک تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی پەیوەندییەکانمان بەردەوام و پتەوتر دەبن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز