وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ داوایکرد بە زووترین کات شەڕ و پێکدادانەکانی ناگۆرنۆ کاراباخ ڕابگیرێن، وتیشی مۆسکۆ ئامادەیە لەڕێی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپاوە چارەسەرێک بۆ ناکۆکیەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بدۆزێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەدا لاڤرۆڤ بە وەزیری دەرەوەی ئەرمینیای وتووە مۆسکۆ نیگەرانە لە زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەم شەڕەدا کە لە کۆتای مانگی نۆدا دەستی پێکرد.
ڕۆژی یەکشەممە ئازەربایجان وتی هێزەکانی ئەرمینیا موشەکیان ئاڕاستەی شاری گەنجا کردووە کە دووەمین گەورەترین شارە لە وڵاتەکەدا و لە ئەنجامدا هاوڵاتیەکی مەدەنی کوژراوە و چوار هاوڵاتی دیکە برینداربوون، هەروەها بەڵێنیدا وەڵام بداتەوە و شوێنە سەربازییەکانی ناو ئەرمینیا بکاتە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز