بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری کریڤی ڕی لە باشووری ئۆکرانیا لانیکەم شەش کەس کوژران، کچێکی تەمەن 10 ساڵ و دایکی لە نێو کوژراوەکاندا بوون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرمانڕەوای هەرێمەکە سێرهی لیساک وتی " تاوەکو ئێستا شەش لە شاری کریڤی ڕی کوژراون " و ڕۆژێکی ماتەمینی لە شارەکەدا ڕاگەیاند. سەرۆکی شارەوانی شارەکە ئۆلێکساندر ڤیلکول وتی کچێکی تەمەن 10 ساڵ و دایکە تەمەن 45 ساڵەکەی لەنێو کوژراوەکاندا بوون.
لیساک وتیشی ، 75 کەس بریندار بوون، لە نێویاندا شەش منداڵ هەن کە تەمەنییان لە نێوان 4 بۆ 17 ساڵدایە. ئاماژەی بەوەشدا نزیکەی 150 کەس لە دانیشتوانی بیناکە توانیویانە خۆیان لە بیناکە دەرباز بکەن و 30 کەسیش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە یارمەتیان دراوە.
زێلێنسکی کە لەو شارە گەورە بووە و شارەکە بەرهەمهێنەری پۆڵایە و ژمارەی دانیشتووانی پێش جەنگ زیاتر لە 600 هەزار کەس بووە، دەڵێت هێرشەکان بینایەکی نیشتەجێبوون و بینایەکی زانکۆیان کردۆتە ئامانج.
زێلێنسکی وتی " ئەم تیرۆرە نە دەمانترسێنێت و نە دەمانشکێنێت، ئێمە کار دەکەین و گەلەکەمان ڕزگار دەکەین. "
زێلێنسکی وتی زیاتر لە 350 کارمەندی فریاگوزاری بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر پاشماوەی بیناکاندا گیریان خواردبوو.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز