ڕووسیا چالاکوانێکی دیاری مافەکان زیندانی دەکات

چالاکوانی بە ئەزموونی مافەکانی ڕووسیا ئۆلیگ ئۆرلۆڤ ڕۆژی سێشەممە بە تۆمەتی " بە خراپ ناوزڕاندنی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا " لە ڕێی خۆپیشاندانییەوە دژی جەنگەکە لە ئۆکرانیا و تۆمەتبارکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە تۆمەتی ڕۆیشتن بەرەو فاشیزم سزای 2 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئۆرلۆڤ سەرکردەی گروپی مافەکانی میمۆڕیاڵە و لە ساڵی 2022 دا بەشێکی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت. ئۆرلۆڤ دوای ئەوە تۆمەتبار کرا کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە جەنگدا کرد و نوسراوێکی خۆی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی " فایشزمییان ویست، دەستییان کەوت."

ئۆرلۆڤی تەمەن 70 ساڵ دوای ئەوەی سزاکەی بەسەردا سەپێندرا و لە کاتێکدا کە بە دەستبەستراوی دوورخرایەوە وتی " سزاکە دەریخست کە نوسراوەکە ڕاست و دروست بووە." لە دادگاکەی مۆسکۆدا لایەنگرەکانی چەپڵەیان بۆ لێدەدا، بە نوێنەرانی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواشەوە.

گروپی مافی میمۆڕیاڵ لە ساڵی 1989 دا دامەزرا و لەو کاتەوە داکۆکی لە ئازادی ڕادەربڕین دەکات و پێشێلکارییەکانی لە مافەکانی مرۆڤدا لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە تاوەکو ئێستا تۆمار کردووە. دوای ئەوەی وەکو " بریکارێکی بیانی " ناسێندرا، لە ساڵی 2021 دا لە ڕووسیا قەدەغەکرا و هەڵوەشێندرایەوە.

بڕیارەکەی دادگا دەڵێت ئۆرلۆڤ " ڕقێکی سیاسیی بەرامبەر ڕووسیا دەرخستووە." ئۆرلۆڤ لە دوایین لێدوانیدا بۆ دادگاکە سەرکۆنەی " خنکاندنی ئازادی " کرد لە وڵاتەکەدا و ڕووسیای بە " دیستۆپیا " ناوبرد.

میمۆڕیاڵ لە بەیاننامەیەکدا وتی " سزاکە دژی ئۆلیگ ئۆرلۆڤ هەوڵێکە بۆ لە ناوبردنی دەنگی بزووتنەوەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕووسیا و هەر ڕەخنەگرتنێک لە وڵاتەکە. بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکەمان."

وتیشی ئۆرلۆڤ نیشتیمانپەروەرێکی ڕاستگۆی ڕووسیاییە، " بەڵام لە ڕووسیای نوێدا هەمووشتێک پێچەوانە بووەتەوە: جەنگ ئاشتییە، داواکردن بۆ ئاشتی تاوانە، هەروەها هۆشداریدان لەسەر ئەوەی وڵاتەکە ڕەگی توندوتیژی دەچێنێت ' تاوانی ڕق و کینەیە '."

ئۆرلۆڤ بە یاسایەک تۆمەتبار کرا کە ماوەیەکی کورت دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بوو دەرچوو، بەپێی ئەو یاسایە، هەر کەسێک بە خراپ ناوی هێزە چەکدارەکان بزڕێنێت یاخود زانیاری هەڵە سەبارەت بە هێزە چەکدارەکان بڵاوبکاتەوە تاوانبار دەکرێت.

پوتن داوای لە ڕووسیاییەکان کردووە یەکگرتوویی پیشان بدەن و ئاگاداری " ئەو ناپاکانە بن کە لایەنگری ڕۆژئاوان "، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " لە ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن.

ڕەخنەگرە سەرەکییەکان لە پوتن سەرجەمییان لە دەرەوەی وڵاتەکەن یاخود زیندانی کراون، ناسراوترینییان ئالێکسی ناڤاڵنی بوو کە لە 16 ی مانگی دوودا لە زیندانێکی ڕووسیادا لە ناکاو گیانی لە دەستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز