ئۆکرانیا: ڕووسیا بۆردومانی هێڵەکانی پێشەوەی باخموت دەکات

هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی شاری باخموتی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکەن کە ماوەی چەند مانگێکە هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی بکەن، هاوکات سەرۆکی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەر وتی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا " نزیک بۆتەوە."

ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی شەڕ و پێکدادانەکان باخموت و ناوچەکانی دەوروبەری گرتۆتەوە. وتیشی هێزەکانی ڕووسیا شکستییان هێناوە لە پێشڕەویکردن لە دوو گونددا لە باکووری ڕۆژئاواوە. لانیکەم دەیان ناوچە کەوتوونەتە ژێر بۆردومانی ڕووسیاوە.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی گروپی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا سێرهێی چیریڤاتی وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا 324 جار لە ڕێی تۆپهاوێژ و موشەکەوە هێرشییان کردووە.

چیریڤاتی وتی " ڕووسییەکان بیناکان لە باخموت وێران دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەوەی سەربازەکانمان وەکو قەڵا بەکارییان بهێنن."

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا وتی موشەکەکانی ڕووسیا لە بینایەکی نیشتەجێبوون و خانوویەکییان داوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لە دەستداوە و 15 کەسی دیکە بریندار بوون.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا سەنگی خستۆتە سەر شاری باخموت و ماوەی نزیکەی نۆ مانگە هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی بکات. ئۆکرانیا بەڵێنیداوە بەرگری لە شارەکە بکات کە پێش جەنگەکە 70,000 دانیشتووی هەبووە.

سەرۆکی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسی یەڤیگنی پریگۆژین لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی " ئەمڕۆ یەکە مەشقپێکراوەکانی دوژمن ڕەوانەی باخموت کراون، هێرشێکی پێچەوانەی ئۆکرانییەکان نزیکە."

وتیشی " هێزەکانی بە هەر نرخێک بێت پێشڕەوی دەکەن، ئەوەش لە پێناو هیلاککردنی سوپای ئۆکرانیا و تێکدانی هێرشەکەیان."

سوپای ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر هێرشێکی پێچەوانەی نوێی هاوشێوەی هێرشە پێچەوانەکەی ساڵی ڕابردوو کە تیایدا کۆمەڵێک ناوچەی داگیرکراوییان لە باکووری ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵ کردەوە.

لە واشنتنیش جەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکا لە ئەوروپا وتی سوپای ئۆکرانیا ئەو چەکانەی پێویستییەتی لە کاتی خۆیدا وەرییاندەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز