زێلێنسکی داوای چەکی مەودا دوور دەکات دوای هێرشەکەی سەر کیێڤ

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت ئۆکرانیا پێویستی بە چەکی مەودا دوور هەیە بۆ پاراستنی شارەکان و هێزەکانی لە هێڵەکانی پێشەوە دژی بۆمب و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا. ئەوەش دوای ئەوەی هێرشێکی گەورەی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە سەر وڵاتەکە.

لە ماوەی دوو هەفتەدا، شەوی ڕابردوو ڕووسیا پێنجەهەمین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر کیێڤ. سوپای ئۆکرانیا وتی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە سەرجەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییان لە ناوبردووە پێش ئەوەی بگەنە کیێڤ.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە لە کۆی 39 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 35 فڕۆکە و دوو موشەکی کروزییان خستووەتە خوارەوە کە ڕووسیا شەوی ڕابردوو هەڵیدان. وتیشی چەکەکان 10 هەرێمی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج.

هێشتا نەزاندراوە چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی کیێڤ کراون. بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی هیچ زیانێکی گیانی و زیانێکی ماددی گەورە نەکەوتووەتەوە.

زێلێنسکی وتی " تەنها لە شەوی ڕابردوودا سوپای ڕووسیا نزیکەی 40 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدییان دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو فڕۆکانە لەلایەن بەرگریکارانی ئاسمانەوە خراونەتە خوارەوە."

وتیشی گرنگە فڕۆکە بۆمبڕێژەکانی ڕووسیا لە ناو بنکە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا لە ناوببرێن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی ئۆکرانیادا لەو هێرشە ئاسمانییانە.

زێلێنسکی وتی " توانای باشی مەودا دوورمان دەبێت وەڵامێکی دادپەروەرانە بێت بۆ تیرۆری ڕووسیا. هەمووان کە پشتگیری لە ئێمە دەکەن لەمەدا پشتگیری لە بەرگری دەکەن دژی تیرۆر."

هەروەها دووبارە داوای لە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا کردەوە ڕێگە بدەن ئۆکرانیا هێرشی مەودا دوور دژی ڕووسیا ئەنجام بدات، زێلێنسکی لە لەندەن وتی بەڕیتانیا دەبێت هەوڵ بدات هاوبەشەکانی ڕازیبکات کۆتوبەندەکانییان لەسەر بەکارهێنانی چەکە ڕۆژئاواییەکان لاببەن.

وڵاتانی ناتۆ پەیڕەوی ڕێبازێکی جیاواز دەکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی چەکەکانییان لەلایەن ئۆکرانیاوە، ئەو چەکانەی کە داوییانن بە ئۆکرانیا. هەندێکییان ڕوونییان کردووەتەوە کە کیێڤ دەتوانێت ئەو چەکانە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، هاوکات ئەمەریکا دەڵێت ڕێگە بە بەکارهێنانی چەکەکانی دەدات تەنها لەو ناوچانەی ئەودیوی سنووری ڕووسیا دژی ئەو ئامانجانەی کە پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووسیا دەکەن لە ئۆکرانیادا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا سێ موشەکی باڵیستیکی ئیسکاندەری هەڵداوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد چییان لێ بەسەر هاتووە.

بەڕێوبەرایەتی سەربازیی هەرێمی سومی لە باکووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە سنووری بە ڕووسیاوەیە وتی موشەکێکی ڕووسیا زیانی بە ژێرخانێکی هەستیار گەیاندووە لە ناوچەی شۆستکنسکی هەرێمەکە.

تاوەکو ئێستا ڕووسیا لێدوانی لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە. مۆسکۆ دەڵێت هێرش ناکاتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە ئۆکرانیادا.

پۆپکۆ وتی " ئەم هێرشە ڕێکخراوانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، جارێکی دیکە دەیسەلمێنن کە داگیرکار چالاکانە هەوڵی دەرفەتێک دەدات بۆ هێرشکردنە سەر کیێڤ. تەکتیکی نوێ تاقی دەکەنەوە، هەوڵی ڕێگای نوێ دەدەن بۆ پایتەخت، هەوڵ دەدەن شوێنی بەرگرییە ئاسمانییەکانمان ئاشکرا بکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز