ئێران هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تیرۆریست دەناسێنێت

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی پڕۆژە یاسایەکی واژۆ کرد کە تیایدا هەموو ئەندامانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تیرۆریست دەناسێنێت و حکومەتی ئەمەریکاش بە پشتیوانیکەر لە تیرۆر لە قەڵەم دەدات.

پەرلەمانی ئێران هەفتەی ڕابردوو پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد وەکو وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی.

بەڵام ڕوون نەبۆتەوە ئەم یاسا نوێیەی ئێران تا چەندێک کاریگەری لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و ئەرکەکانیان دەبێت.

دەزگای ڕاگەیاندنی فەڕمی لە زاری ڕۆحانییەوە بڵاویکردەوە ڕێنمای داوەتە وەزارەتی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.

یاساکە بە تایبەتی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت. سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا بەرپرسە لە هەموو ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان.

ئەمەریکا دەیان کەسایەتی و لایەنی خستۆتە لیستی ڕەشەوە بەهۆی پەیوەندییانەوە بە سوپای پاسدارانەوە، بەڵام ئەو کاتە سوپای پاسدارانی بەتەواوەتی نەخستبووە لیستی تیرۆرەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز