جێگری وەزیری دادی ئەمەریکا دەست لەکاردەکێشێتەوە

جێگری وەزیری دادی ئەمەریکا ڕۆد ڕۆزنشتاین

جێگری وەزیری دادی ئەمەریکا ڕۆد ڕۆزنشتاین وتی دەستی لەکارەکەی کێشاوەتەوە.

ڕۆزنشتاین ئەو کەسە بوو کە لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕۆبەرت موڵەری لە مانگی پێنجی ساڵی 2017 دا دیاریکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان حکومەتی ڕوسیا بە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە.

دەست لەکارکێشانەوەی ڕۆزنشتاین جێی سەرسوڕمان نەبوو چونکە پێشبینی دەکرا لە مانگی سێدا دەست لەکاربکێشێتەوە. کۆشکی سپیش هیچ لێدوانێکی لەسەر بابەتەکە نەدا بەڵام ئاماژەی بەوەدا سەرۆک ترامپ جێگری وەزیری گواستنەوە جێفری ڕۆزنی دیاریکردووە بۆ شوێنەکەی ڕۆزنشتاین.

ڕۆزنشتاین بۆ ماوەیەکی زیاتر لە پۆستەکەیدا مایەوە تاوەکو یارمەتی وەزیری داد ویلیام باڕ بدات لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی موڵەر کە 22 مانگی خایاند و لە 22 ی مانگی سێدا تەواو بوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز