قەتەڕ داوا لە سیاسییەکانی لوبنان دەکات حکومەت پێکبهێنن تاوەکو یارمەتی بدرێن

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدول ڕەحمان ئال ثانی

قەتەڕ بە ڕابەرانی لوبنانی ڕاگەیاند پێویستە حکومەتی نوێ پێکبهێنن تاوەکو یارمەتی بدرێن لەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بۆتەوە.

وڵاتانی جیهان دەڵێن ئەگەر لوبنان چاکسازییە سەرەکییەکان جێبەجێ نەکات ئەوا یارمەتییان نادەن لە ڕزگارکردنی وڵاتەکەدا کە قەرزێکی زۆری بەسەرەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە سیاسییەکانی لوبنان شکستیان هێناوە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدول ڕەحمان ئال ثانی کە لە ئێستادا سەردانی لوبنان دەکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پەیامەکەمان گەیاند، پەیامەکەش ئەوەیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین بەرژەوەندی نیشتیمانی بخەنە سەروو هەمووشتێکەوە تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبهێنن، کاتێک حکومەتەکە پێک دەهێندرێت قەتەڕ ئامادە دەبێت بۆ تاوتوێکردنی پێشکەشکردنی سەرجەم یارمەتییەکان."

وتیشی " هەر بەرنامەیەکی دارایی بۆ پشتیوانیکردن لە لوبنان پێویستی بە بوونی حکومەتێک دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز