سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەبوونی تەماح و وتی هەر دوژمنکارییەک دژی بێلاڕووسی دراوسێ و هاوپەیمانی نزیکی ڕووسیا وەکو هێرشکردنە سەر ڕووسیا سەیری دەکرێت.
پوتن لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیادا وتی مۆسکۆ وەڵامی هەر دوژمنکارییەک دەداتەوە دژی بێلاڕووس.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پۆڵەندا بڕیاریدا یەکە سەربازییەکانی بگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەندامانی گروپی ڤاگنەر گەیشتنە بێلاڕووس.
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ڕووسیا بۆ یەکەمین جار دەستیکرد بە جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی لەسەر خاکی بێلاڕووس. کرێملن وتی ڕۆژی یەکشەممە پوتن لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆدا کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆریس پیستەریۆس وتی ئەڵمانیا و ناتۆ ئامادەن پشتیوانی لە پۆڵەندا بکەن لە بەرگریکردن لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا.
پوتن وتی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکان هەیە لەسەر ئەوەی یەکەیەکی پۆڵەندا و لیتوانیا بەکاربهێندرێن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیادا، کە بەشێکی لە ڕابردوودا سەر بە خاکی پۆڵەندا بووە، وتیشی لە کۆتاییدا دەیانەوێت ئەو ناوچانە داگیر بکەن.
وتیشی " ئاشکراشە کە خەون بە خاکەکانی بێلاڕووسەوە دەبینن." بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو.
پوتن وتی "بەڵام بۆ بێلاڕووس، بێلاڕووس بەشێکە لە وڵاتێکی یەکگرتوو لەگەڵ ڕووسیادا، دوژمنکاری دژی بێلاڕووس مانای دوژمنکاری دەبێت دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا. بە هەموو ئەو ئامڕازانەی لە بەردەستماندان وەڵام دەدەینەوە."
پۆڵەندا ڕەتی دەکاتەوە هیچ تەماحێکی هەبێت بۆ خاکی بێلاڕووس.
جێگری وەزیری خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی پۆڵەندا ستەینسلۆ زارین بە دەزگای هەواڵی پاپی پۆڵەندای وت " ئەم لێدوانە بەزەیی هێنە بۆشانەی کرێملن جارێکی دیکە دووبارەکردنەوەی درۆکانە لەسەر پۆڵەندا و جارێکی دیکە هەوڵ دەدات ڕاستییەکان سەبارەت بە جەنگەکەی دژ بە ئۆکرانیا ساختە بکات."
وتیشی " ڤلادیمیر پوتن پێداچوونەوەی مێژوویی بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی تۆمەتی درۆ دژی پۆڵەندا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز