پەمپێیۆ داوا دەکات بە زووترین کات دیموکراتخوازانی هۆنگ کۆنگ ئازاد بکرێن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ داوای کرد بە زووترین کات چالاکەوانە دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ ئازاد بکرێن کە بە تۆمەتی کاری " تێکدەرانە " تۆمەتبارکراون، هەروەها هۆشیاریدایە بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ لەسەر ئەوەی واشنتن سزایان بەسەردا دەسەپێنێت.

پەمپێیۆ لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە " ئەمەریکا دەستەوەستان ناوەستێت لەکاتێکدا دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ ڕووبەڕووی قۆرخکارییەکانی شیوعیەت دەبنەوە."

ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا تاوتوێ سزاکان دەکات " بۆ سەر هەر کەس و لایەنێک کە بەشدارن لەم هێرشەی سەر دانیشتوانی هۆنگ کۆنگدا."

ڕۆژی چوارشەممە لە هەڵمەتێکدا زیاتر لە 50 کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتخواز لە هۆنگ کۆنگ دەستگیرکران و لەنێویشیاندا پارێزەرێکی ئەمەریکی تێدا بووە، ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنەش بەپێی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی چینە کە لەمدواییانەدا بەسەر هۆنگ کۆنگدا سەپێندرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس