ڕاگەیاندنەکان: ئەو تەنە سەربازییەی کە لە دارستانێکی پۆڵەندا دۆزرایەوە موشەکێکی ڕووسییە

دوو دەزگای ڕاگەیاندنی پۆڵەندا بڵاوییان کردەوە ئەو تەنە سەربازییەی کە لە مانگی چواردا لە دارستانێکی پۆڵەندا دۆزرانەوە موشەکی KH-55 ی ڕووسی بوون.

پۆڵەندا لە ئامادەباشیدا بووە بۆ ئەگەری کەوتنە خوارەوە یاخود لە ئاڕاستە لادانی موشەکەکانی جەنگەکەی ناو ئۆکرانییای دراوسێی بۆ سەر خاکی وڵاتەکە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی یانزەدا وارشۆ وتی دوو موشەکی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بە هەڵە لە ناو خاکی پۆڵەندادا کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران.

مانگی ڕابردوو بەرپرسانی پۆڵەندا وتییان " تەنێکی سەربازی " لە دارستانێکی نزیک گوندی زامۆسکی نزیک شاری بیدگۆسزدا دۆزراوەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکییان لەسەر سەرچاوەی تەنەکە نەدا.

لێکۆڵەرەوانیش لەو کاتەدا وتیان هیچ شوێنەوارێکی تەقینەوە لە شوێنەکەدا نەبیندراوە، کە سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکانی پۆڵەنداوە لەگەڵ ئۆکرانیا و بێلاڕووس و کالینینگرادی ڕووسیاوە دوور بووە.

کەناڵی تایبەتی ئاڕ ئێم ئێف ئێف ئێمی پۆڵەندی بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکانی وتی زانیارییە سەرەتاییەکانی ناوەندی تەکنەلۆجیای هێزی ئاسمانی پۆڵەندا ئاماژە بەوە دەدەن تەنەکە موشەکێکی KH-55 ی ڕووسی بووە.

هاوکات پۆڵسات نیوزیش بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەکانی وتی تەنەکە موشەکی KH-55 بووە.

موشەکی KH-55 موشەکێکی ئاسمانی کروزە و لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە پەرەی پێدراوە و لە توانایدا هەیە کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز