بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ئاماژە هەن لەسەر ئەگەری ئەوەی ئێران لە داهاتوودا کاری دوژمنکارییانە ئەنجام بدات، ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکادا.
دوای هێرشەکانی سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکان لە کەنداو و هێرشێکی گەورە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادیان کرد، واشنتن تاران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، ئێرانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
سێیەمین گەورە بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ( پێنتاگۆن ) جۆن ڕود بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا هەندێک ئاماژە دەبینین، هۆکارەکان ڕوون و ئاشکران لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی کردەوەیەکی دوژمنکارییانە لەلایەن ئێرانەوە."
وتیشی " ئاماژەی ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاوانەمان ناردووە بۆ حکومەتی ئێران سەبارەت بە دەرەنجامی ئەو کارە."
جێی ئاماژەیە ئەمەریکا هەزاران سەرباز و کەلوپەلی سەربازی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردۆتەوە تاوەکو ببنە هۆکارێک بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئێران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز