2 هەزار کەس لە هەرەسهێنانی زەوییەکدا لە پاپوا گینێی نوێ ژێر خاک و قوڕ دەکەون

بەرپرسێکی حکومەتی پاپوا گینێی نوێ بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە ڕۆژی هەینی بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە، زیاتر لە 2000 کەس بە زیندوویی ژێر خاکەکە کەوتوون و هەروەها بە فەڕمی داوای یارمەتی نێودەوڵەتی کرد.

ئەو ژمارەیەی کە حکومەتی ئەو وڵاتە داوییەتی نزیکەی سێ هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێداوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 670 کەس بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە لە پاپوا گینێی نوێ گیانییان لە دەستداوە. تاوەکو ئێستا تەرمی تەنها شەش کەس دۆزراونەتەوە.

لە نامەیەکدا کە نێردراوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە بیندراوە، بەڕێوبەری کاربەڕێکەری ناوەندی کارەساتی نیشتیمانی پاپوا گینێی نوێ لوسیتا لاسۆ مانا دەڵێت هەرەسهێنانەکە " زیاتر لە 2000 کەسی بە زیندوویی ژێر خاکەکە کردووە " و بووەتە هۆی " کاولکارییەکی گەورە " لە گوندی یامبالی لە پارێزگای ئینگا.

ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەکە بە تەواوەتی ڕوون نییە و دەستبەجێ نەشزاندراوە بەرپرسانی وڵاتەکە چۆن زانیویانە ئەو ژمارەیە بوونەتە قوربانی.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ کە لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتەکەدا دەکات و ڕۆڵێکی پێشەنگ دەبینێت لە وەڵامی نێودەوڵەتیدا، تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیەی نەگۆڕیوە کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، کاتێک وتی 670 کەس بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە لە پاپوا نیو گینی گیانییان لە دەستداوە، چاوەڕێی بەڵگەی نوێ دەکات.

بەرپرسی نێردەی دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاپوا گینێی نوێ سەرهان ئاکتۆپارک وتی " نەمانتوانیوە ئەوەی کە حکومەت پێشنیاری دەکات ڕەتی بکەینەوە بەڵام ناشتوانین لێدوانی لەسەر بدەین."

وتیشی " بە تێپەڕبوونی کات ژمارەکە زیاتر دەبێت."

دەزگاکە کاتێک دەڵێت 670 کەس بوونەتە قوربانی، ئەو ژمارەیەی لە هەڵسەنگاندنەکانییەوە بۆ گوندی یامبالی و بەرپرسانی پارێزگای ئینگاوە وەرگرتووە کە زیاتر لە 150 خانوو بەهۆی هەرەسهێنانەکەوە ژێر خاکەکە کەوتوون. پێشتر 60 خانوو بوون.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری پاپوا گینێی نوێ جەیمس ماراپی ڕوونکردنەوەی نەداوە لەسەر ئەوەی ژمارەکەی حکومەت کە دەڵێت 2000 کەس بوونەتە قوربانی، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام ماراپی بەڵێنیداوە هەر کە زانیارییەکان سەبارەت بە فراوانیی کاولکارییەکە و گیان لە دەستدانەکان لە بەردەستدا بوون ئاشکرایان بکات.

زانینی فراوانی کارەساتەکە قورسە چونکە هەلومەرجەکە سەختە، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە گوندەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی دوورەدەستەوە، نەبوونی پەیوەندیی ناوخۆیی و شەڕی نێوان هۆزەکان لە سەرانسەری پارێزگاکەدا ئەوە دەگەیەنێت کە کارمەندانی نێودەوڵەتی فریاگوزاری و کاروانەکانی یارمەتییەکان پێویستییان بە هاوەڵی سەربازیی دەبێت.

لە مانگی دوودا لە شەڕێکی نێوان دوو هۆزی دژ بە یەکتردا لە ئینگا لانیکەم 25 جەنگاوەری هۆزەکان و بەکرێگیراوان کوژران، ژمارەیەکی دیکەش لە هاووڵاتییانی ئاسایی کوژران.

سەرچاوە/ AP