خۆپیشاندانه‌کان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق به‌رده‌وامن ، به هه‌مان شێوه‌ش هه‌وڵه‌کانیش به‌رده‌وامییان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌وه‌ی به پشێوی و نائارامی سیاسی ناودێر ده‌کرێت.
یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه که بڕیاره ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 27 ی 3 له په‌رله‌مانی هه‌رێم بکرێت به ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌رکی سه‌را له شاری سلێمانی.
ناسک قادر ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کاتی به‌رده‌رکی سه‌را : مه‌رجمان هه‌یه بۆ به‌شدار بوون له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا.
ئه‌ڤین عومه‌ر ، ئه‌ندامی فراکسیۆنی کوردستانیه له په‌رله‌مانی هه‌رێم (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) : خۆپیشانده‌ران په‌له ده‌که‌ن و پێش ڕووداوه‌کان ده‌که‌ون و ئه‌وانه‌ی داوایانکردووه کاتی پێده‌وێت.
زۆرێک له چاودێران له‌و بڕوایه‌دان یه‌کێک له هه‌نگاوه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ، ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی دیالۆگه له‌نێوان لایه‌نه سیاسیه‌کان و کۆمه‌ڵگای کوردیش‌دا.
شۆڕش مه‌جید ، ئه‌ندامی فراکسیۆنی کوردستانیه له په‌رله‌مانی هه‌رێم (یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان) : ئه‌گه‌ر خواستێکی ڕاسته‌قینه هه‌بێت ئه‌وا ناو په‌رله‌مان ده‌بێته شوێنی یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی کێشه‌کان.
له ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراقیشدا ، داکۆکی هه‌یه له‌و بهشدارینهکردنهی نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران له کۆبونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌ماندا.
کاردۆ موحه‌مه‌د ، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕانه له په‌رله‌مانی هه‌رێم (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) : بۆچونی خۆپیشانده‌ران بۆچونێکی زۆر دروسته که به‌شداری له کۆبونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌ماندا ناکه‌ن.
چاودێران له‌و بڕوایه‌دان هه‌رچه‌نده ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق درێژه بکێشێت ، ئه‌وا هێنده‌ی تر چاره‌سه‌رکردنه‌کان ڕوو له ئاڵۆزبوونێکی زیاتر ده‌کات و هێنده‌ی تریش متمانه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک که‌م ده‌بێته‌وه ، بۆیه وه‌ک ده‌گوترێت ڕه‌وشه‌که هه‌نگاو نانی ده‌سبه‌جێی
پێویسته.
عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز ، ئه‌ندامی فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی له په‌رله‌مانی هه‌رێم (یه‌کگرتوی ئیسلامی) : هه‌روادێ و که‌لێنی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک گه‌وره‌تر ده‌بێت.
وا بڕیاره کۆبونه‌وه‌یه‌کی سێ لایه‌نه (پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان) له په‌رله‌مانی هه‌رێم بکرێت بۆ تاووتوێکردنی بارودۆخی هه‌رێمه‌که. ده‌نگۆی ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ش هاوکاته له‌گه‌ڵ ئه‌وی به‌رده‌رکی سه‌را ده‌ڵێت سه‌ر به هیچ لایه‌نێکی سیاسی نییه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 13:18 خوله‌که.