ڕۆژی شه‌ممه له هۆڵی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا کۆبونه‌وه چاوه‌ڕوانکراوه پێنج لایهنیهکهی نێوان هه‌رسێ لایه‌نه‌که‌ی ئۆپزسیۆن و دوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمه‌که‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت.
چی له‌م کۆبونه‌وه‌یه چاوه‌ڕوان بکرێت؟
چ جۆره پێشنیازێک خراوه‌ته به‌رده‌م ئه‌م پێنج لایه‌نه تا ڕه‌وشی سیاسی هه‌رێمه‌که به سانایی هێور ببێته‌وه و بشبێته پرۆسه‌یه‌کی ڕژد بۆ چاکسازی و ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی له‌و هه‌رێمه‌دا پێویستن.
ئۆپزسیۆن به پڕۆژه‌یه‌کی 22 خاڵیه‌وه بۆ چاکسازی و ده‌سه‌ڵاتیش به پلانه 17 خاڵیه‌که‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌وه ده‌چنه ئه‌و کۆبونهوهیهوه.
سه‌رجه‌م سی و نۆ خاڵ ده‌خرێنه به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه ، به‌ڵام ئایا چه‌ندێک له‌و خاڵانه ده‌بنه پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش؟
ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان: ئه‌و حه‌ڤده خاڵه‌ی په‌رله‌مان ده‌کرێت وه‌ک خاڵی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولادا سه‌یر بکرێت چونکه ئه‌ندامانی ئۆپزسیۆنیش ده‌نگیان له‌سه‌ر داوه.
عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی کۆمه‌ڵی ئیسلامی: ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له په‌رله‌مان په‌سه‌ند کراوه که‌م و کوڕی تیادایه و تێر و ته‌سه‌ل نییه.
دکتۆر ئارام عه‌لی موسته‌فا، مامۆستای زانکۆی سلێمانی: پێشنیاز ئه‌وه‌یه له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌دا هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان وه‌لاوه بنێن و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و هه‌رێمه‌که له‌به‌رچاو بگرن.
ڕۆژنامه‌وان که‌مال ڕه‌ئوف، سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی: ناتوانین گه‌شبین بین به‌وه‌ی بگوترێت ئۆپزسیۆن مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌کات له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له‌گه‌ڵ ئۆپزسیۆن و هه‌ل و مه‌رجه‌که‌دا ده‌کات.
ڕۆژنامه‌وان ئاکۆ موحه‌مه‌د، سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕووداو: ڕه‌وشی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ئه‌و هه‌موو ناکۆکی و ناته‌باییه هه‌ڵناگرێت و له ئێستادا ژماره‌یه‌ک مه‌سه‌له ده‌شێت کاریگه‌رییان هه‌بێت به‌سه‌ر گۆڕانکاری له چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه و لێکدانه‌وه بۆ ڕه‌وشه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق.
هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و تێکڕای خه‌ڵکیش له هه‌رێمه‌که‌دا نکوڵی ناکه‌ن له‌وه‌ی قه‌یرانێکی ئاڵۆز به‌رۆکی گرتوون، به‌ڵام ئایا ئه‌و دان پیانانه ، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن؟
ده‌توانن له ڕێی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 12:34 خوله‌که.