بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکەوە لە کشمیری پاکستان 9 سەرباز گیانیان لەدەستدا

سوپای پاکستان و شایەتحاڵان دەڵێن بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکەوە بۆ ناو دۆڵێک لە بەشی کشمیری ژێر کۆنتڕۆڵی پاکستان لانیکەم نۆ سەربازی پاکستانی گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکە برینداربوون.

بەرپرسانی سەربازیی پاکستان گوتیان بارهەڵگرەکە بەشێک بووە لە کاروانێکی سەربازی و بەرەو ناوچەی مانگ بارجی کاشمیری پاکستان ڕۆیشتووە، لە نزیک شوجاباد وەرگەڕاوە و کەوتۆتە دۆڵێکەوە، 12 کم پێش ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەستی خۆی.

بەرپرسێکی سەربازی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی " 13 سەرباز بە شۆفێرەکەشەوە لە بارهەڵگرەکەدا بوون، حەوت کەسییان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکە برینداربوون."

گوتیشی بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە ڕاوالاکۆت و دووان لە بریندارەکان ملکەچی برینەکانیان بوون.

پۆلیسی ناوخۆ دەڵێت بارهەڵگرەکە 150 مەتر بە ناو دۆڵەکەدا کەوتۆتە خوارەوە.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ناوچە گرداوییەکانی کشمیری پاکستاندا شتێکی باون و زۆربەی هۆکاری ڕووداوەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ ڕێگا تەسکەکان و پشتگوێ خستنی ڕێوشوێنەکانی پارێزراوی و لێخوڕینی بێباکانەی شۆفێران.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لە کشمیری پاکستان پاسێک کەوتە ناو دۆڵێکەوە و 22 سەرنشین گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز