سەرۆک وەزیری پاکستان هیندستان تۆمەتبار دەکات بە پلانگێڕان بۆ کردەوەی سەربازی لە کشمیر

سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان لەمیانەی وتارێکیدا لە بۆنەی ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیدا هیندستانی تۆمەتبار کرد بە پلانگێڕان بۆ کردەوەی سەربازیی لە هەرێمی کشمیری جێناکۆکی لەسەر کە هەمیشە خاڵی ناکۆکی نێوان هیندستان و پاکستان بووە.

هیندستان بڕیاریدا مافی دانانی یاسای تایبەت بۆ هەرێمەکە هەڵبوەشێنێتەوە کە خەڵکی دەرەوە هەمیشە توانیویانە موڵک لەوێ بکڕن. لە پێنجی مانگی هەشتەوە کە ئەو بڕیارە دراوە بەرپرسانی هیندستان پەیوەندییە تەلەفونییەکان و ئینتەرنێت و پەخشی تەلەفیزیۆنیان لە ناوچەکەدا بڕیوە، هەروەها کۆتوبەندیان خستۆتە سەر گواستنەوە و گردبوونەوەش.

لە وەڵامدا پاکستان بازرگانی و هەموو هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی نێوان دوو وڵاتەکەی ڕاگرت و باڵیۆزی نیودەلهیشی لە ئیسلام ئاباد دەرکرد.

لە لێدوانێکیدا لەبەردەم پەرلەمانی هەرێمەکەدا، سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان وتی هیندستان پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر لەوەی کە لە مانگی دوودا ئەنجامیدا و فڕۆکە جەنگییەکانی شوێنەکانی پاکستانیان بۆردومان کرد.

خان وتی " پلانێکی خراپتریان داناوە تاوەکو سەرنجی جیهان ڕابکێشن بۆ جووڵەکانیان لە کشمیر، پلان بۆ ئەنجامدانی کارێک دادەنێن لە کشمیر."

وتیشی " سوپای پاکستان بەتەواوەتی هۆشیارە و دەزانێت ئەوان پلانی شتێکیان بەدەستەوەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز