گێڕانەوەی چیرۆکی ڕزگاربوویەکی ئاوشوڤیتز لە سەروبەندی یادکردنەوەی 80 ساڵەی ئازادکردنی ئەو ئۆردوگای مەرگەدا

نەفتالی فورست

لەکاتێکدا تەنها دوو رۆژ ماوە تاکو یادی 80 ساڵەی ئازادکردنی بە ناوبانگترین ئۆردوگای مەرگی نازییەکان، ئاشوڤیز بکرێتەوە، نەفتالی فورست کە ئێستا تەمەنی 92 ساڵە و یەکێکە لەو خەڵکە کەمانەی کە لە هۆڵۆکۆست ڕزگارییان بووە، چیرۆکی ئەو کارەساتە دەگێڕێتەوە کە بینیوێتی و ڕوویداوە بەسەریدا.

نەفتالی فورست هەرگیز ئەو ڕۆژە لە بیر ناکات کە بۆ یەکەمین جار کامپی دەستبەسەرداگرتنی ئاشوڤیتز بیرکیناوی بینیوە، ڕۆژەکە 3 ی مانگی 11 ی ساڵی 1944 بوو، لەو کاتەدا تەمەنی 12 ساڵ بووە.

سەربازانی ئێس ئێس دەرگای ئۆتۆمبێلی ئاژەڵەکانیان کردەوە، فورست لەگەڵ دایک و باوک و براکەی و زیاتر لە 80 کەسی دیکەدا لەو ئوتومبێلەدا بوون. دووکەڵکێشە بەرزەکانی سوتێنگەکەی بیر دێتەوە کە لە سەرەوەی دووکەڵکێشەکە گڕ دەهاتە دەرەوە.

سەگی لێبوون و ئەفسەرەکان بە ئەڵمانی هاوارییان دەکرد " وەرنە دەرەوە، وەرنە دەرەوە!" خەڵکەکەیان ناچار دەکرد باز بدەنە سەر سەکۆیەک کە لەوێدا پزیشکی نازییەکان جۆزیف مێنگیلی منداڵەکانی لە دایک و باوکییان جیا دەکردەوە.


ئەو هەر جارێک لە ساڵیادی ئازادکردنی ئەو کامپەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کامپە، بیر لە یەکەمین ساتەکانی دەکاتەوە لەوێ.

فورست لە ماڵەکەی خۆی لە حەیفای باکووری ئیسڕائیل پێشتر لەم مانگەدا وتی " ئێمە دەمانزانی کە دەچین بەرەو جۆرە مردنێک. لە سلۆڤاکیا دەمانزانی کە ئەو کەسانەی چوون بۆ پۆڵەندا نەگەڕاونەتەوە."

فورست و خێزانەکەی لە 3 ی مانگی 11 ی ساڵی 1944 دا گەیشتنە بەردەم دەرگای ئاشڤیتس – ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرکردەی نازییەکان هاینریک هیملەر فەرمانی کرد بە ڕاگرتنی بەکارهێنانی ژوورەکانی گاز پێش لە ناوبردنییان، چونکە هێزەکانی سۆڤییەت نزیک ببوونەوە. فەرمانەکە ئەوەی دەگەیاند کە خێزانەکەی دەستبەجێ نەکوژراون. ئەوە شانس و سوتفەیەکی دەگمەن بوو کە وایکرد فورست ڕزگاری ببێت.

فورست دەڵێت " بۆ ماوەی 60 ساڵ، باسی هۆڵۆکۆستم نەکرد، بۆ ماوەی 60 ساڵ یەک وشەم بە ئەڵمانی نەوت هەرچەندە کە ئەوە زمانی دایکمە."

لە ساڵی 2005 دا، فورست بانگهێشتکرا بۆ ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ یادی تێپەڕبوونی 60 ساڵ بەسەر ئازادکردنی بوچینواڵددا، کە لەوێ لە 11 ی مانگی 4 ی ساڵی 1945 دا ئازاد کرا، دوای ئەوەی لە ئاشڤیتس گواسترایەوە بۆ ئەو کامپە. لەوێ فورست بۆی دەرکەوت کە خەڵکێکی زۆر کەمی ڕزگاربووی هۆڵۆکۆست هەن کە چیرۆکەکان بگێڕنەوە، لەبەر ئەوە بڕیاریدا ئەو بکاتە ئەرکی خۆی. ئەمە چوارەمین گەشتی دەبێت بۆ ڕێوڕەسمێک لە ئاشڤیتس، لە ساڵی 2016 دا لەوێ چاوی بە پاپا فرانسیسیش کەوت.

لە ماوەی هۆڵۆکۆستدا کە کۆمەڵکوژی بوو دژی جووەکان و گروپەکانی دیکە لە ماوەی پێش جەنگی جیهانی دووەم و لە ماوەی جەنگەکەشدا، نزیکەی 6 ملیۆن جووی ئەوروپایی لەلایەن نازییەکانەوە کوژران. هێزەکانی سوپای سووری سۆڤییەت لە 27 ی مانگی 1 ی ساڵی 1945 دا کامپی دەستبەسەرداگرتنی ئاشڤیتس بیرکیناوییان ڕزگار کرد، ئەو ڕۆژەش بووە بە ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆست. نزیکەی 1.1 ملیۆن کەس کە زۆربەیان جوو بوون، لە ئاشڤیتس بیرکیناو کوژراون.

تەنها 220,000 ڕزگاربووی هۆڵۆکۆست ئێستا لە ژیاندا ماون، ئەمەش بەپێی کۆنفرانسی جیویش ماتێریاڵ کلەیمس دژی ئەڵمانیا، زیاتر لە سەدا 20 ی ڕزگاربووەکانیش تەمەنییان لە سەروو 90 ساڵەوەیە.

فورست خەڵکی براتیسلاڤایە کە ئەو کاتە بەشێک بوو لە چیکۆسلۆڤاکیا، فورست لەو کاتەدا تەمەنی 6 ساڵ بوو کاتێک سەرەتا نازییەکان دەستییان کرد بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان دژی جووەکانی وڵاتەکە.

لە نۆ ساڵییەوە تاوەکو دوانزە ساڵی، فورست لە چوار کامپی دەستبەسەرداگرتندا ژیاوە، بە ئاشڤیتسیشەوە. دایک و باوکی پلانییان دانابوو کە لە ئوتومبێلی ئاژەڵەکان لە ڕێگایاندا بۆ کامپەکە خۆیان هەڵبدەنە خوارەوە، بەڵام خەڵکەکە هەموویان بەسەر یەکتردا کەوتبوون لە ناو ئوتومبێلەکەدا و لەبەر ئەوە نەیانتوانیوە بگەن بە دەرگاکە.

باوکی بە تەواویی خێزانەکەی وتبوو کە هەرچییەک ڕووبدات و هەرچۆنێک بێت دەبێت خێزانەکە دوای جەنگ لە شەقامی 11 ی سولیکۆڤا لە براتیسلاڤا کۆببنەوە. فورست و براکەی لە دایکییان جیاکرانەوە. دوای ئەوەی ژمارەکان بە تاتۆ خرانە سەر قۆڵییان، لە باوکیشییان جیاکرانەوە. لە بڵۆک 29 ژیاون بەبێ زۆرێک لە منداڵەکانی دیکە. کاتێک سوپای سۆڤییەت لە ناوچەکە نزیک بووەوە، ئەوەندە نزیک بوون کە دەیانتوانی گوێیان لە دەنگی تانکەکان بێت، فورست و براکەی، شمویل، ناچار بوون بەشداری لە گەشتێکی مەترسیداردا بکەن بەرەو بوچینواڵد، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە پێ ڕۆیشتن لە سەرما و بەفردا، هەر کەسێک دوابکەوتایە لەو ڕۆیشتنە بە فیشەک دەکوژرا.

فورست وتی " ناچار بووین ئارەزووی خۆمان بۆ ژیانکردن بسەلمێنین، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە و هەنگاوێکی دیکە بنێین و بەردەوام بین لە ڕۆیشتن." زۆرێک لە خەڵکەکە کۆڵییاندا، بە پەرۆشەوە بوون بۆ کۆتایی هێنان بە برسێتی و تینوێتی و سەرماکە و دانیشتن، لەو کاتەدا لەلایەن پاسەوانەکانەوە تەقەیان لێکرا و کوژران.

فورست وتی " ئێمە باوکمان ئەو فەرمانەی پێکردبووین: ' دەبێت خۆتان بگونجێنن و ڕزگارتان بێت، تەنانەت ئەگەر بناڵێنن، دەبێت بگەڕێنەوە '."

فورست و براکەی لە ڕۆیشتنەکە ڕزگارییان بوو، بەڵام لە کامپی دواتردا جیاکرانەوە. کاتێک فورست لە بوچینواڵد ڕزگارکرا، لە وێنەیەکی بەناوبانگدا دەردەکەوێت کە براوەی خەڵاتی نۆبڵ ئێلی ویزڵیشی تێدایە، دڵنیابوو لەوەی کە لەم جیهانەدا بە تەنهایە.

بەڵام لە ماوەی چەند مانگێکدا، هەر وەکو چۆن باوکی فورست فەرمانی پێکردبوو، خێزانە چوار ئەندامییەکە لەو شوێنەدا بە یەکتر شاد بوونەوە کە باوکییان پێی وتبوون و لەبەرییان کردبوو، ماڵی هاوڕێکانی خێزانەکە. ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان بە باپیر و پور و مامەکانییانەوە، سەرجەمییان کوژرابوون. دواتر خێزانەکەی گواستیانەوە بۆ ئیسڕائیل و لەوێ فورست هاوسەرگیری کرد و کچێک و چوار نەوە و سێ نەوەی نەوەکانی هەیە و نەوەیەکی دیکەشی بەڕێوەیە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا فورست بە هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل لە خەو هەستا، دەستبەجێ بیری لە کچەزاکەی کردەوە، میکا پێلێگ و هاوسەرەکەی و کوڕە دوو ساڵەکەیان، کە لە کفار ئازا دەژییان، کفار ئازا کۆمەڵگەیەک بوو لەسەر سنووری غەززە کە لە ماوەی هێرشەکەی حەماسدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کۆمەڵگەکە کوژران یاخود ڕفێندران و وەکو بارمتە گیران.

فورست وتی " ڕۆژەکە تا دەهات خراپتر دەبووم، نەماندەتوانی هیچ زانیارییەک وەربگرین لەسەر ئەوەی ئەوان چییان بەسەردا هاتووە. شتە ترسناکەکانمان بینی و هەرگیز بیرمان لەوە نەکردبووەوە کە ئەو جۆرە دڕندەییە لە ساڵی 2023 دا ڕوودەدات، 80 ساڵ دوای هۆڵۆکۆست."

نزیکی نیوە شەوی 7 ی مانگی 10، دراوسێکانی پێلێگ هەواڵییان نارد و وتییان خێزانەکە ڕزگارییان بووە. نزیکەی 20 کاتژمێر لە نێو ژوورە پارێزراوەکەیاندا بەبێ خۆراک و پەیوەندی خۆیان قفڵ کردبوو. دایک و باوکی هاوسەرەکەی، کە هەردووکییان لە کفار ئازا دەژییان، کوژران.

سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکەی، بەراوردکردنی 7 ی مانگی 10 بە هۆڵۆکۆست، فورست نا مورتاح دەکات.

فورست وتی " ئەوە ترسناک و دڕندەیی و کارەساتە و وەسفکردنی قورسە، بەڵام هۆڵۆکۆست نییە." هەرچەندە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر کچەزاکەی و ئەوانی دیکە ترسناک بوو، بەڵام هۆڵۆکۆست " پیشەسازییەکی مەرگی " چەندین ساڵەیی بوو کە ژێرخانی ئابووری و کامپی گەورەی بۆ دابینکرابوو کە دەیانتوانی ڕۆژانە 10,000 کەس بکوژن بۆ ماوەی چەند مانگێک.

فورست کە پێشتر بەشداربووە لە کاری پێکەوە ژیانی نێوان جوو و عەرەبەکاندا، وتی دڵی لای فەلەستینییەکانی غەززەیە، هەرچەندە باوەڕی وایە کە ئیسڕائیل پێویست بووە لە ڕووی سەربازییەوە وەڵام بداتەوە. وتی " هەست بە ئازاری هەموو ئەوانە دەکەم کە دەناڵێنن، لە هەموو شوێنێک لە جیهاندا، چونکە پێم وایە دەزانم ناڵاندن چییە."

فورست دەزانێت کە یەکێکە لەو ڕزگاربووە کەمانەی هۆڵۆکۆست کە هێشتا دەتوانێت گەشت بکات بۆ ئاشڤیتس، لەبەرئەوە ئەوە گرنگە بۆ ئەو کە لەوێ ئامادە بێت و یادی 80 ساڵەی ڕزگارکردنی کامپەکە بکاتەوە.

لە ئێستادا فورست تاوەکو بتوانێت و چەندین جار چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، بەشداری لە بەڵگەنامەیی و فیلمەکاندا دەکات، وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی زیندانییانی بوچینواڵد خزمەت دەکات و کاردەکات بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی یادەوەریی لە کامپی دەستبەسەرداگرتنی سێرید لە سلۆڤاکیا.

هەست بە بەرپرسیارێتی ئەوە دەکات کە دەبێت دەنگی ئەو ملیۆنان کەسە بێت کە کوژراون، وتی خەڵکەکە دەتوانن زیاتر هەست بە چیرۆکی تەنها یەک کەس بکەن وەک لە ژمارە قورسەکانی 6 ملیۆن مەرگ.

وتی " هەر کاتێک کە تەواو دەبم، بە گەنجەکان دەڵێم، ئەو ڕاستییەی کە ئێوە دەتوانن شایەتییەکی زیندوو ببینن لە ڕزگاربوویەکی هۆڵۆکۆستەوە، بەرپرسیارێتییەک دەخاتە سەرتان زیاتر لەو کەسەی کە ئەوەی بەم شێوەیە نەبیستووە: دەتوانن ئەوە بخەنە سەر شانتان و بەردەوام بن لە گێڕانەوەی ئەمە."

نەتەوە یەکگرتووەکان 27ی ژانویەی هەموو ساڵێکی وەک "ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست" دیاری کردووە بۆ یادی ساڵیادی ئازادکردنی ئۆردوگای مەرگی ئاوشوڤیتز.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا